سەرۆکی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق: هەرێمی کوردستان زۆر لە عێراق ڕێکخراوترە لە بواری تۆماری کرێکاران

K24 – هەولێر:
سەرۆکی یەکێتیی گشتیی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق ئاشکرای کرد، زیاتر لە 10 ملیۆن کرێکار لە عێراق هەیە تەنیا 750 هەزاریان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون، لەو بوارەشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر لە حکوومەتی فیدراڵی ڕێکخراوترە.
ستار دەنبووس براک، سەرۆکی یەکێتیی گشتیی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: زیاتر لە 10 ملیۆن کرێکاری عێراقی لە کەرتی تایبەت کاردەکەن و تۆمارنەکراون و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: خاوەنکاران کرێکارەکانیان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار ناکەن.
سەرۆکی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق باسی لەوەشکردووە: کرێکارانی عێراق ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوە بەهۆی جێبەجێ نەکردنی یاسا و ڕێساکانی تایبەت بەو توێژە.
دەنبووس گوتیشی: پێش سێ ساڵ تەنیا 350 هەزار کرێکار لە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکرابوون، ئێستا ئەو ژمارەیە بووەتە 750 هەزار کرێکار، لە کاتێکدا زیاتر لە 10 ملیۆن کرێکار لە کەرتی تایبەت کاردەکەن، ئەمەش وادەکات مافی کرێکاران و داهاتوویان پارێزراو نەبێت.
بەپێی لێدوانی سەرۆکی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق، دۆسیە و بەڵگەنامەی کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەت لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی نییە و لەو بوارەشدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر ڕێکخراوترە لە حکوومەتی فیدراڵی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ستار دەنبووس ئاشکرای کرد، زیاتر لە ملیۆنێک کرێکاری بیانی لە کارگەکان و چێشتخانەکان کاردەکەن بۆیە سکاڵای خۆیان دەدەنە حکوومەتی فیدراڵی و وەزارەتی ناوخۆ بۆ دانانی سنوورێک بۆ هاتن و ڕێگەپێدان بە کارکردنی کرێکارانی بیانی، بەشێوەیەک هەموو کرێکارانی فڕۆکەخانەی بەغدا بیانین.