کەریم کاوە: حکوومەتی عێراق نەچووەتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان

کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدانی سۆران
کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدانی سۆران

K24 – سۆران:

سبەی 41ـەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکانە. بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدانی سۆران، دەڵێت: تا ئێستە حکوومەتی عێراق نەچووەتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

سبەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری شەهیدانی سۆران و زانکۆی سۆران، ڕێوڕەسمێک بۆ 41ـەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان ڕێک دەخات، کە ئامانج لێی ڕێزگرتنە لە گیانی پاکیان و ئاشناکردنی نەوەی ئێستە بەو زوڵم و ستەمەی کە ڕژێمی بەعس دەرهەق بە بارزانییەکان کردوویەتی.

کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدانی سۆران، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون بە تایبەتی لە کابیەنەی نۆیەمدا هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق باپەندییەکانی خۆی بەجێ بگەیەنێت و بچێتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون.

ئاماژەی بەوەدا: ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستە حکوومەتی عێراق نەچووەتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون، لە کاتێکدا لە دەستووردا هاتووە کە دەبێت حکوومەتی عێراق بەو کارە هەڵبستێت.

رژێمی بەعس چل و یەک ساڵ لەمەوبەر و له‌ ساڵی 1983، لە هەڵمەتێكدا هەشت هەزار بارزانی به‌ پیر و گه‌نجه‌وه‌ لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا نەوەد ساڵی، دەستبەسەر كرد و لە بیابانەكانی باشووری عێراق كۆمەڵكوژی كردن.

Fly Erbil Advertisment