دەستەی ژینگە داوای چاندنی درەخت لە نزیک مۆلیدەکان دەکات

یەکێک لەسەرچاوە پیسکەرەکانی ژینگە بوونی مۆلیدەی پیشەسازییە کە لەهەرێمی کوردستان بە مۆلیدەی ئەهلی ناودەبرێت، دوکەڵ و دەنگی زۆری مۆلیدەکان دانیشتووانی گەڕەکەکانی هەراسان کردووە و داوای هەڵگرتنیان دەکەن .
کارپێکردنی ئەم مۆلیدانە ڕێژەیەکی زۆر کاربۆن دەردەدات، کە مەترسی گەورەیە بۆسەر تەندروستی مرۆڤ، هۆکارە بۆ دەردانی چەندین گازی پیس و دەبنە هۆی گەرمبوونی گۆی زەوی، دوکەڵ و دەنگی زۆری مۆلیدەکان دانیشتووانی گەڕەکەکانی هێناوەتە دەنگ.
گوستان ڕەشید، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لەگەڵ ئەو مۆلیدانە بێزاربووین، ژیانمان نەماوە، ڕۆژ تائێوارە بۆنی دوکەڵمان بۆ دێت، بۆیە داوادەکەین ئەو مۆلیدەیە هەڵبگرن".
کاروان سلێمان، باس لەوە دەکات، "ئەو مۆلیدەیە دوکەڵەکی یەکجار ڕەشی هەیە و بۆنی گازیشی لەگەڵ دێت، ڕەنگە گازی پیس و خراپی تێبکەن بۆیە ئەو بۆنە ناخۆشەی لێدێت، دەشڵێ: ئێمە پارەی دوو کارەبا دەدەین، بەڵام پێمان خۆشە پارەی یەک کارەبا بدەین بۆ ئێمە قازانج ترە، بۆیە ئەگەر حکوومەت کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکات ئەو کات ئێمەش پارەی دەدەینە حکوومەت لە جیاتی ئەوەی بیدەینە مۆلیدە".
یەکێک لەسەرچاوە پیسکەرەکانی ژینگە بوونی مۆلیدەی پیشەسازییە کە لەهەرێمی کوردستان بە مۆلیدەی ئەهلی ناودەبرێت،هەرچەندە دەستەی ژینگە لەساڵی 2022، ڕێنمای ویاسای دەرکرد بۆ مۆلیدەی نێو گەڕەکەکان کە دەبێت بێدەنگ بێت و دوکەڵ نەکات، بەڵام تا ئێستاش بەشێک لە مۆلیدە کارپێکراوەکان ئەو ڕێنمایانەیان جێبەجێ نەکردووە،ئەمەش دانیشتووانی گەڕەکەکانیان هەراسان کردووە.
بەپێی ڕێنماییەکانی دەستەی پاراستنی ژینگە دەبێت لە دەورووبەری مۆلیدەکە سەوزایی و دار بچێندرێت، جێبەجێنەکردنی ڕێنمایەکان سەرپێچییە.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر گوتی: "بەدڵنیاییەوە دوکەڵی مۆلیدەکان کاریگەری زۆر هەیە، چونکە ئەو دوکەڵە نایترۆجینی و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنی تێدایە، ئەمانەش کاریگەری لەسەر نەخۆشی شێرپەنجە و تەنگەنەفەسی هەیە، بۆیە ڕێنماییەکانی ئێمەش ئەوەیە، ئەو مۆلیدەیەی دادەنرێت دەبێت ژاوەژاوی نەبێت، بێ دەنگ بێت، هەروەها زەوییەکەی کۆنکریت کرابێت و سەوزاییشی هەبێت، دەشڵێ: دەبێت چواردەوری مۆلیدە بەدیوار دەورە درابێت و گازو ڕوونەکەشی باش بێت و خراپ نەبێت، تائێستاش پێنج مۆلیدەمان سزاداوە".
لە ناو شاری هەولێر 1608 مۆلیدەی ئەهلی هەن و لە دەورووبەری هەولێریش 857 مۆلیدە هەن کە هاووڵاتیانیان هەراسان کردووە و داوای هەوڵگرتنیان دەکەن.