ڕێزان حەمەساڵح: تا ئێستە تەرمی 36 کۆچبەر دۆزراوەتەوە

K24 – هەولێر:
بڕیارە تەرمی 13 سەرنشینی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتالیا کەمێکی دیکە بگاتەوە هەولێر. نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا ڕایگەیاند: تا ئێستە تەرمی 36 کۆچبەر دۆزراوەتەوە، هەروەها ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی کەسوکاری کۆچبەرەکانمان بۆ حکوومەتی ئیتالیا ناردووە.
لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم شەو تەرمی 13 کۆچبەری کورد کە 8ـیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و 5ـی دیکەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەڕێندرێنەوە هەولێر.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای کاتژمێر 9ـی تەرمی کۆچبەرەکان دەگاتەوە هەولێر، هاوکات بەشێک لە کەسوکاریان سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ کارئاسانیکردن لە هێنانەوەی تەرمی کۆچبەرەکان.
ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ڕایگەیاند: ئەم شەو تەرمی 13 کۆچبەری کورد دەگەڕیندرێنەوە هەرێمی کوردستان و پاش کەمێکی دیکە تەرمەکان دەگەنەوە فڕۆکەخانە.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا، دەڵێت: تا ئێستە تەرمی 36 کۆچبەری بەلەمە نقومبووەکەی ئیتالیا دۆزراوەتەوە، هەروەها پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان کراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی پشکنینەکانی بۆ حکوومەتی ئیتالیا ناردووە.
هاوکات گوتیشی: کەی ئەنجامی پشکنینەکان لە ئیتالیا دەرچوون، تەرمی کۆچبەرەکانی دیکەش دەگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
جەختی لەوەش کردەوە، تەرمی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە رێگەی ئەمبولانسەوە بەڕێ دەکرێنەوە بۆ سەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوێدا ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە.
ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.
دوای تێکشکانی بەلەمەکە کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا لە ناوچە لامپێدوسا، هەر زوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی کرد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد کارئاسانی بۆ هێنانەوە تەرمی قوربانییانی تێکشانی یەختەکە بکەن و بەدواداچوونیش بۆ بێسەروشوێنان بکەن.