گەنجێکی کورد یەکەمی پێشبڕکێی نیگارکێشی تەرلارسازی دیپلۆماتی ڕووسیای بەدەست هێنا

نوریک موسەییان، هاووڵاتی کوردی دانیشتووی مۆسکۆ
نوریک موسەییان، هاووڵاتی کوردی دانیشتووی مۆسکۆ

K24 – مۆسکۆ:

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە  گەنجێکی کورد دەکات، کە خەڵاتی یەکەمی پێشبڕکێی نیگارکێشی تەلارسازی دیپلۆماتی ڕووسیای بەدەست هێنا.

شەممە (3ـی ئابی 2024) وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا خەڵاتی باشترین نیگارکێشی تەلارسازی دیپلۆماتی وڵاتەکەی پێشکەش بە نوریک موسەییان، هاووڵاتی کوردی دانیشتووی مۆسکۆ کرد. 

نوریک موسەییان (21 ساڵ)، خوێندکاری قۆناغی پێنجەمی بەشی تەلارسازییە، ئەمە سێیەم ساڵە لەسەر یەک خەڵاتی باشترین دیزاینەر و وێنەکێشی تەلارسازی دیپلۆماتی ڕووسیای پێ دەبەخشرێت.

 پێشبڕکێی ئەمساڵ بە دروشمی "نەخشە و ڕەنگەکانی کوولتوری نەتەوەیی" و بە بەشداری گەنجانی 20 هەرێمی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

 ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە وتەیەکدا ستایشی گەنجانی داهێنەری وڵاتەکەی کرد و پێشبڕکێکەی بە دەرفەتێکی گرنگ لە بەردەم گەنجان لەقەڵەمدا بۆ گەشەکردنی توانای ئافراندن و داهێنانیان لە بوارەکانی میوزیک و هونەردا.

ساڵی ڕابردوو، لە چوارچێوەی سەردانێکدا بۆ مۆسکۆ، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نوریک موسەییان کرد و وێڕای دەستخۆشی لە دەستکەوت و داهێنانەکانی لە بواری نیگارکێشانی تەلارسازی  و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواست.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین نیگارکێشی تەلارسازی ڕووسیا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەی لە نوریک موسەییان کرد و هیوای خواست، ئەو گەنجە کوردە بەردەوام بێت لە بەخششەکانی لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری مرۆڤایەتی و ناساندنی توانای گەنجانی کورد بە گەلانی جیهان.

لە پەیامەكەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاواندا هاتووە: " هەوڵە بەردەوامەکانت و بەدەستهێنانی خەڵاتە بەهادارەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەر یەک بەڵگەیە لەسەر پێشکەوتن و داهێنانی ناوازەت. ئەمەش تەنیا ڕێگەیە بۆ خزمەتکردنی نەتەوە و تەواوی مرۆڤایەتی و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاترت بۆ دەخوازین".

Fly Erbil Advertisment