هاوردەکردنی شووتی لە ئێران زیانی بە جووتیاران گەیاندووە

سەرباری ئەوەی ڕێگری لە بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کورستان دەکرێت بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق؛ جووتیارانی هەرێم دەڵێن، بەهۆى هاوردەکردنى شووتى ئێرانى، ئەمساڵ زیانیکى زۆر دەکەن.

شووتی پێنجوێن پێگەیشت، بەڵام جووتیاران ترسیان ھەیە لەوەی لە بازاڕ كێبڕكێی شووتی ئێرانیان پێ نەكرێت، چونکە خەرجییەکانیان زیادی کردووە.

هەر لەگەڵ پێگەیشتنى شووتى دەرگاى هاوردەکردنى شووتى لە مەرزەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە کرایەوە؛ بۆیە جووتیاران داوایان لە حکوومەتى هەرێمی كوردستانە پشتگیرى ته‌واوى ساخكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانیان بكات و تووشی زیان نەبن، چونکە چەند جارێک سەردانى حكوومەتی فیدراڵییان کردووە، بێ سوود بووە.

کامەران حەسەن، جووتیارێکی پێنجوێنە و دەڵێت، ئەگەر ڕێگری لە هاوردەکردنی شووتی ئێرانی نەکرێت، شووتییەکەیان لە بازاڕدا ساخ نابێتەوە، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات هاوردەکردنی ئەو شووتییە ڕابگرێت.

شووتییە بەناوبانگەکەى پێنجوین ئیتر ئامادەیە، بەڵام هێشتا نەخراوەتە بازاڕەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، ساڵانى ڕابردوو لە کاتى پێگەیشتنى بەرووبوومەکان هاوردەکردنیان قەدەغە دەکرا یان باجى لەسەر دادەنرا؛ بەڵام ئەمساڵ بەغدا ئەوەى نەکردووە ئەمە کاریگەرى کردووەتە سەر جووتیارانى عێراق بە گشتى.

سامان كه‌ریم، بەڕێوەبەری كشتوكاڵى پێنجوێن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدان تاوەکوو ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەکە بدۆزنەوە.

قەدەغە نەکردنى هاوردەکردنى بەروبوومەکان بەتایبەت شووتى، کاریگەرى لەسەر جووتیارانى دیکەى عێراقیش هەبووە؛ پارێزگاى دیالە بە نموونە، جووتیارانی ئەو سنوورە دەڵێن، "بەرهەمى شووتى ئەمساڵمان زۆربەى  بە زەرەر فرۆشتووە بەهۆى ئەوەى شووتى ئێرانى بازاڕى تەنیوە".

جووتیارانى پێنجوین دەڵێن پێویستە له‌كاتى خۆیدا ڕێگرى له‌ به‌رهه‌مى هاورده‌کراو بکرێت و ڕێگە خۆش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ناوخۆ له ‌ناو بازاڕه‌كانى هه‌رێمی کوردستان و عێراق ساغ بكرێنه‌وه‌.

Fly Erbil Advertisment