ژمارەی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا دەکرێت

دانیشتنێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان (وێنە: ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان)
دانیشتنێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان (وێنە: ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان)

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی کۆی گشتیی کاندیدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا دەکات.

یەکشەممە، 11-08-2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی هەزار و 190 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کاندید کردووە.

سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەش کرد، دوو هاوپەیمانیی، 13 حزبی سیاسیی، 85 کاندیدی سەربەخۆ و 39 کاندیدی کورسیی کۆتا کە کۆی گشتیی دەکاتە 139 لیست، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراون.

کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، 100 کورسین؛ 95ـیان گشتین و پێنجیشیان بۆ کۆتا تەرخان کراون. دابەشکارییەکەش بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: 32 کورسی

2.  سلێمانی: 36 کورسی

3.  دهۆک: 24 کورسی

4.  هەڵەبجە: سێ کورسی

(کۆی گشتی: 95 کورسی)

دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: دوو کورسی

2.  سلێمانی: دوو کورسی

3.  دهۆک: یەک کورسی

4.  هەڵەبجە: سفر کورسی

(کۆی گشتی: 5 کورسی)

کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 کەسە؛ لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.  

بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان، هەزار و 266 ناوەند و شەش هەزار و 318 بنکەی دەنگدان ئامادە کراون؛ بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، کە هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە، 165 ناوەند و 749 بنکەی دەنگدان لە سنووری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئامادە کراون.

شەممە، 10-08-2024، کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشکی دووەمی بۆ پێدانی ژمارەی هەڵبژاردن بۆ لیستی پارت، هاوپەیمانی و کاندیدانی سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد.

ژمارەی لیستی بەشێکی پارتە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1. پارتی دیموکراتی کوردستان: 190

2. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 129

3. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 148

4. کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 147

5. بزووتنەوەی گۆڕان: 114

6. بەرەی گەل: 169

7. ڕەوتی هەڵوێست: 161

8. جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 157

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت. 

Fly Erbil Advertisment