لیژنەی دارایی و تەیف سامی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن

لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق میواندارایی وەزیری دارایی فیدراڵی دەکات و ژمارەیەک بابەت تاوتوێ دەکرێن؛ لەنێویشیاندا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 13-08-2024، لیژنەکەیان پێشوازی لە هەر یەکە لە تەیف سامى، وەزیرى دارایی؛ حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوت؛ محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانان و عەلى عەللاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق دەکات.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەت تاوتوێ دەکرێن، لەنێویشیاندا، کێشەی پارەی نەختینە کە بەم دواییە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی دروست بووە، هەروەها دواکەوتنی ڕەوانەکردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش؛ تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە هەفتەیەکە حکوومەتی عێراق، مووچەی مانگی تەمموزی سەرجەم فەرمانبەری وەزارەتەکانی دابەش کردووە، بەڵام مووچەی هەمان مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە؛ سەرەڕای ئەوەی چەند ڕۆژێکە وردبینی لە لیستی مووچە تەواو بووە.
دووشەممە، 12-08-2024، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشە و گرفتێکی نییە و دەنێردرێت". جەختیشی لەوە کردەوە، ناردنی مووچەکە لە مانگەکانی داھاتوو کێشەی نابێت.
هەروەها بريكارى وەزارەتی دارایی فیدراڵی داوای وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، "بە زووترین کات لیستی مووچەی مانگی ھەشت، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات" تاوەکو پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچە زوو تەواو بکرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.
بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدڕاڵى بکات؛ لە بەرانبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.