گەیلان حاجی سەعید: هەرێمی کوردستان لە کەرتی کشتوکاڵدا سوود لە ئەزموونی سربیا وەردەگرێت

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ڕایگەیاند، وڵاتی سربیا پێشکەوتنێکی باشی هەیە لە بواری کشتوکاڵ و ئامێری کشتوکاڵی، ئێمەش هەوڵدەدەین سوود لەو پێشکەوتنەی ئەوان ببینین.
چوارشەممە، 14ـی ئابی 2024، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتی سربیا بەهێز بووە، هاتنی ئەم شاندەش بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان تازە بکەنەوە، بەتایبەت پەیوەندی ئابووری و بازرگانییەکان.
سەرۆکی ژووری بازرگانی دەڵێ، "سربیا تا ئاستێک هەناردەیان هەیە بۆ عێراق، هاوردەشیان زیاترە بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ هەوڵدەدەین لەگەڵ ئەو شاندەی کە لێرەن، گفتوگۆی زیاتر بکرێت و پەیوەندییەکان بەهێز بکرێنەوە. لە ئایندەیەکی نزیکیشدا شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی سربیا دەکات، تاکو ئاشنابن لەگەڵ بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە، کوردستان و سربیاش سوودمەندبن لەو پەیوەندییە".
گەیلان حاجی سەعید دەشڵێت: "وڵاتی سربیا پێشکەوتنێکی باشیان هەیە لە بواری کشتوکاڵ و ئامێری کشتوکاڵی، ئێمەش هەوڵدەدەین سوود لەو پێشکەوتنەی ئەوان ببینین، لە بوارەکانی سەماد و ڤێرتەرنەری، ئەوانیش لای خۆیانەوە ئامادەییان دەربڕی بۆ ئەوەی هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن".
لای خۆیەوە میلان پیترۆفیج،، جێگری پارێزگاری پیرۆت لە وڵاتی سربیا، ڕایگەیاند، "ئێمە لێرەین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوولا تاکو دەستبکەین بە گەشەسەندن، بتوانین ئابووری و بازرگانی خۆمان بەرەو پێشەوە ببەین".
میلان پیترۆفیج، یاردەدەری پارێزگاری پیرۆت لە سڕبیا بۆ کاروباری بازرگانی و شاندی یاوەری کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەك کۆمپانیای ئەو وڵاتە.
لە دانیشتنێکدا، هەریەك لە لاوەند مەموندی و کامەران محەممەد ساڵح ئەندامانی ئەنجووومەنی کارگێڕی ژوور ئامادەبوون، گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان وڵاتی سڕبیا و هەرێمی کوردستان کرا.
میلان پیترۆفیج، یاریدەدەری پارێزگاری پیرۆت وتی؛ لە ماوەی ڕابردوو پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان وڵاتی عێراق و سڕبیا زۆر بەهێز بوو، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە بەسەر هەردوو وڵات هات، پەیوەندیەکان زۆر لاواز بوون، یاریدەدەری پارێزگار گوتی؛ ئاڵۆگۆڕی بازرگانی وڵاتی سڕبیا لەگەڵ عێراق ساڵانە 406 ملیۆن دۆلارە، بەمەش پەیوەندیەکان لە ئاستی پێویست نین، هاتووین پەرە بە پەیوەندیە بازرگانیەکانمان بدەین لەگەڵ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
میلان پیترۆفیج دەربارەی ئەو سێکتەرانەی کە وڵاتی سڕبیا ئەزموونی باشی هەیە، رایگەیاند کە لە گشت سێکتەرەکان و سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و خۆراك بەتایبەتی دەتوانن بەرهەمەکانیان هەناردەی کوردستان بکەن بە شێوەیەکی راستەوخۆ.
لای خۆیەوە گەیلان حاجی سەعید، ئاماژەی بە پتەوکردنی پەیوەندیەکان دا لەگەڵ ژوورەکانی بازرگانی ئەو وڵاتە و ڕێکخستنی ئاڵوگۆڕی شاندی بازرگانی لە نێوان هەردوولا.
سەرۆکی ژوور گوتی؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کابینەی نۆ گرنگی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵی دەدات، بۆ ئێمەش وڵاتی سڕبیا زۆر گرنگە لەو سێکتەرە هاوکار و هەماهەنگی کوردستان بێت لە ڕێگەی دانانی کارگە و وەبەرهێنان کردن تیایدا.
هەر لەم دانیشتنە گفتوگۆ کرا لەسەر ڕێکخستنی کۆنفڕانسێکی بازرگانی بە بەشداری شاندێکی حکومی و بازرگانی هەردوولا هەروەها کارکردن بۆ دامەزراندنی چەند کارگەیەکی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان.

