پرۆژەیەکی نوێی ئاودێری لە گەرمیان 140 دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەراو دەکات

K24 - کفری:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی ئاودێریی لە گەرمیان جێبەجێ دەکات کە درێژییەکەی هەزار و 300 مەترە و 140  دۆنم زەوی بەراو دەکات و پرۆژەکە سوودی بۆ پاراستنی ئاوی سەرزەوی هەیە بەهۆی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی بەفیڕۆچوو.

بە مەبەستی پاڵپشتی زیاتر بۆ جووتیارانی ناوچەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی ئاودێری بە درێژایی هەزار و 300 مەتر لە گوندی ئۆمەربلی باکووری قەزای کفری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جێبەجێ دەکات.

سیامەند حەمەجان، جووتیارێکی گوندی ئۆمەربلی باکووری کفرییە لە دەڤەری گەرمیان، زیاتر لە 30 ساڵە لەو سنوورە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵییە، بۆ کوردستان24 باس لەوە دەکات: لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دەستیان بە داچاندن و بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کردووە، ئەمەش بەهۆی هاوکاری و پاڵپشتییەکانی حکومەت لە کەرتی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی.

ئەو جووتیارەی گەرمیان باسی لەوەشکرد: بەهۆی پاڵپشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کشتوکاڵی ناوچەکەیان بووژاوەتەوە و جووتیارێکی زۆریش گەڕاونەتەوە سەر کاری کشتوکاڵی، جگە لە دانەوێڵە و سەوزە و میوە، ئەمساڵ مەرەزی برنجیشیان چاندووە.

لەلایەن خۆیەوە، میران ئەحمەد، ئەندازیاری پرۆژەکە ئاماژەی بەوەکرد: ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی مۆدێرنی ئاودێرییە لە نێوان گوندی چوار شاخ و گوندی ئۆمەربل لە دەڤەری گەرمیان، لەپێناو زیاتر بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ لە ناوچەکە و ئاسانکاری بۆ جووتیاران لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی قسەی ئەندازیاری پرۆژەکە، نوێنەرانی ئەنجوومەنی وەزیران بەزوویی سەردانی پرۆژەکە دەکەن بۆ بەدواداچوون لە بەرەوپێشچوونی کارەکان کە بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە سوودی بەرچاو لە ڕووی کشتوکاڵ و کاری ئاژەڵداری بە جووتیارانی ناوچەکە دەگەیەنێت.

سەروەر ئەکبەر، جووتیارێکی دیکەی ناوچەکەیە و ڕوونی کردەوە: پێش ئەم پرۆژەیە 80٪ـی ئەو ئاوەی دەگەیشتە زەوییەکان بە فیڕۆ دەچوو، بۆیە سوودیان لە بەشێکی کەمی زەوییەکانیان بۆ کاری کشتوکاڵی وەرگرتووە، بە درووستکردنی ئەم پرۆژەیە جووتیاران دەتوانن سوودێکی زیاتر لە زەوییەکانیان وەربگرن.

Fly Erbil Advertisment