26 هەزار جگەرەی ئەلیکترۆنی(ڤەیپ) لە هەولێر لەناو بران

جگەرەی ئەلیکترۆنی( ڤەیپ)
جگەرەی ئەلیکترۆنی( ڤەیپ)

لێژنەیەکی تایبەت لە هەولێر 26 هەزار ئامێری ڤەیپ ( جگەرەی ئەلیکترۆنی) یان لەبەردەم دەزگاکانی مێدیا لەناو برد. قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێریش دەڵێت: ڤێب بەشێوەی قاچاغ لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە هیچ سانسۆرێکی لەسەر نییە، دەهێندرێتە نێو هەولێر.

دووشەممە19ـی ئابی 2024، لێژنەیەکی تایبەت لە چاودێریی بازرگانیی و پۆلیسی شارەوانی، زیاتر لە 26 هەزار ڤێب(جگەرەی ئەلیکترۆنی)یان لەناو برد کە لەماوەی ڕابردوودا دەستییان بەسەردا گیرابوو.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند: دوای ئەوەی پێیان گەیشتووە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی(ڤەیپ) گەیشتووەتە نێو قوتابخانە بنەڕەتییەکانیش، بۆیە دوو وەزارەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەرکرد: بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە لێژنەی تایبەت پێکهات و دەستییان بە دەست بەسەرداگرتنی ئەو جگەرە ئەلیکترۆنیانە کرد، لەو ماوەیەشدا دەستییان بەسەر 26 هەزار جگەرەی ئەلیکترۆنی( ئامێری ڤەیپ) دا گرت.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر گوتی: هەشت شوێنی فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی( ئامێری ڤەیپ) داخراون. هەر کەسێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، شوێنەکەی دادەخرێت و پێ بژاردنی بۆ دەکرێت، ئەگەر هەر پابەند نەبێت، خاوەنی ئەو شوێنانە دەدرێنە دادگا.

نەبەز عەبدولحەمید ئاشکرای کرد "لە لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی بەشێوەی قاچاغ لە سنووری سلێمانی کە بێ سانسۆر مامەڵەی پێوە دەکرێت، دەهێندرێتە نێو هەولێر" گوتی: دەمانەوێت بەیەکەوە کۆنترۆڵی ئەو دیاردەیە بکەین.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد "جگەرەی ئەلیکترۆنی زیانی بۆ کۆمەڵگە و تەندروستی هەیە، بۆیە دەبێت بنبڕ بکرێت. دەشڵێت: پشکنینەکان لەبازگەکان و ناوخۆش چڕ دەکرێنەوە، هاوکات چاودێریی ئەو شوێن و خەڵکانە دەکەن کە بەشێوەی ئۆنڵاین جگەرەی ئەلیکترۆنی دەفرۆشن.

Fly Erbil Advertisment