سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، دەست بە دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون کراوە

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات "20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون  بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەماوەی ڕابردوودا دەست بە بنیادنانیان کراوە". دەڵێت: بنیادنانی بەشێک لەو یەکانەی نیشتەجێبوون دەستییان پێ کراوە و بەشێکی دیکەشیان دەستیان پێ دەکرێت.

سێشەممە 20ـی ئابی 2024، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەستیان پێ کراوە.  دروستکردنی نزیکەی 10 هەزار شوققەی دیکەش پێویستی بە خەرجیی هەیە و دەستی پێ دەکرێتەوە، دەشڵێت: دوو شار بۆ کرێنیشان لە عەنکاوە و گەرمییان دروست دەکرێت. جگە لەوەی لە هەولێریش دوو شوێن بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەم دەرامەتان و کرێنشینان دابین کراوە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند "لە سلێمانی و دهۆک و زاخۆ و هەڵەبجە و ناوچە کەم گەشەسەندووەکان، پرۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون دەکرێن. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیاری لەسەر ئەو پرۆژانە داوە کە بۆ کەم دەرامەتانە. لەگەڵ بانکەکانی عێراق و کوردستان دەمانەوێت ئەو پرۆژانە دەست پێ بکەین و باری سەرشانی خەڵکی کەم دەرامەت سووک بکەین".

محەمەد شوکری گوتی: بۆ مانگی ئەیلوول بەردی بناغەی پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوونی عەنکاوە دادەنرێت کە بە 24 مانگ بۆ کرێ نشینانی کریستیان تەواو دەکرێت، دەشڵێت: لە هەولێر دوو شوێن بۆ کرێ نشینان دروست دەکرێن لەگەڵ ناوچە و شارەکانی دیکە، گوتی: هەر پرۆژەیەک بە نزیکە دوو ساڵ تەواو دەکرێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: بەپێی داهاتی هاووڵاتییان قیستی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون وەردەگیرێت لەماوەی نزیکەی 15 ساڵ و بڕێک زیاتریش کە نزیکەی 100 بۆ 150 هەزار دیناری مانگانەیان لێ وەردەگیرێت، سەرباری ئەوەی پرۆژەکان بە هەموو خزمەتگوزاریی و کوالێتی بەرزەوە دەکرێت، دەشڵێت: 120هەزار فۆرم بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پڕ کراوەتەوە، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە هەمیشە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپات دەکاتەوە، تەواوی کەم دەرامەت و کرێنشینان سوودمەند بن لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان، دەڵێت: ئەوانەی یەکەی نیشتەجێبوون دەکڕن، بێبەش نابن لە وەرگرتنی زەوی حکوومەت.

Fly Erbil Advertisment