بەڕێوەبەری شارەوانی ئاکرێ: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت یەکەی نیشتەجێبوون بۆکەمدەرامەتان دروست دەکرێت

بەڕێوەبەری شارەوانی ئاکرێ ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان دروست دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی ئابی 2024، بڵند ڕەزا، بەڕێوەبەری شارەوانی ئاکرێ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

گوتیشی: ئێمە وەکو شاەروانی ئاکرێ، دوای ئەوەی نوسراومان بەدەست گەیشت کە ڕێژەی ئێمە بە %12.68 دیاریکراوە بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، هەروەها پشکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش بە جیاواز دابین کراوە.

ئەو بەرپرسەی شارەوانی ئاکرێ ئاماژەی بەوەش دا "لە کۆی 3709 شوقە، زەوی بۆ 853 شوقە لەلایەن شارەوانی ئاکرێ تەرخان کراوە" دەشڵێت: دوای ئەوەی نوسراومان بەدەست گەیشت خۆشبەختانە 93 دۆنم زەویمان بۆ دروستکردنی ئەو یەکانە تەرخان کردووە.

لەبارەی دەستپێکردنی پرۆژەکە، بڵند ڕەزا گوتی: ئیدارەی پارێزگای دهۆک و دەستەی وەبەرهێنان کاری لەسەر دەکەن، من نازانم تاوەکو ئێستا هەنگاوەکان گەیشتوونە کوێ. هەروەها دوو رۆژ لەمەوبەر د.محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: پرۆسەکە بەردەوامە، بەڵام ئێمە وەکو شارەوانی بەتەوای ئاگادار نین، چونکە ئەوەی بە ئێمەیان ڕاسپاردووە وەکو تەرخانکردنی زەوی لە ساڵی 2023 کۆتایی هاتووە.

 

Fly Erbil Advertisment