عێراق داوا لە ئەمەریکا دەکات سزای سەر بانکەکان لاببات

بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق سەردانی ئەمەریکا بکات و لەگەڵ گەنجینەی ئەمەریکا لەبارەی دۆخی دارایی عێراق کۆببێتەوە، عەلی عەلاق یەکێک لە داواکارییەکانی لە گەنجینەی ئەمەریکا ئەوەیە سزای سەر بانکە عێراقییەکان هەڵبگرێت، بەڵام شارەزایان بەدووری دەزانن ئەمەریکا کۆتایی بەو سزایە بهێنێت.

دینار و ترسی بەردەوام لەدەستدانی بەهاکەی لەبەردەم دۆلاری ئەمەریکی دیسان بەرۆکی عێراقیان گرتووەتەوە، ئەم جارە مەترسیەکە هاتووەتە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەو لیژنەیە داوادەکات واشنتن سزاکانی سەر بانکە عێراقییەکان هەڵبگرێت، چونکە کاریگەری نەرێنیان لەسەر بەهای دینار داناوە. وەک ئابووریناسان باسی لێوەدەکەن، بەشێکی زۆری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەپێی داخوازییەکانی بانکی فیدراڵی ئەمریکا کاردەکەن، ئامادەنین بەهۆی سزاکانەوە کار لەگەڵ ئەو بانکانە بکەن.

سەفوان قوسەی، شارەزای ئابووری بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێویستە لەناوخۆی عێراق کار بەمەرجەکانی بانکی فیدراڵی ئەمەریکا و بانکی جەی پی مۆرگان بکرێت. ئێستا کۆمپانیا هەیە وردبینی بۆ کاری بانکە عێراقییەکان دەکات، کۆمپانیای 'کەی توو' یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی لەبواری وردبینی کاردەکات، ئامانجی دەرخستنی کەموکورتی بانکەکانە لە ڕێکارەکانی ناردنی پارە و وەرگرتنی.

پرسی سیاسی کاریگەری لەسەر ئابووری هەیە و پێکەوە بەستراون، هەوڵی بەشێک لەلایەنەکان بۆ هێنانەدەرەوەی عێراق لەبەشێک لە ڕێککەوتن و پەیماننەکانی لەگەڵ ئەمەریکا هەیەتی، وای لە واشنتن کردووە سەد جار بیربکاتەوە پێش ئەوەی سزاکانی لەسەر ئەو بانکانە هەڵبگرێت، هەربۆیە چاودێران باس لەدروستکردنی سیاسەتێکی ژیرانە و دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا دەکەن بەجۆرێک خزمەتی گەلی عێراق بکات.

حوسێن جەنابی، شۆرڤەکاری سیاسی دەڵێت: ئەمەریکا دەیەوێت عێراق بکاتە هاوپەیمانێکی ستراتیجی لە ناوچەکەدا، شکستیهێنانی ئەم ئامانجە وەک مەترسی لەسەر بوونی خۆی لە ناوچەکە دەبینێت، هەربۆیە پەنای بردووەتە بەر چەکی ئابووری.

پسپۆڕانی بواری بانکی وای دەبینن ئەگەر سزا لەسەر بانکەکان هەڵنەگیرێت ڕەنگە شکست بهێنن، ژمارەی ئەو بانکانە 14 بانکە و تۆمەتبارن بە سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەی دۆلار لەگەڵ ئێران.

Fly Erbil Advertisment