هەڵمەتی دەست بەسەرداگرتنی ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی لە هەولێر بەردەوامە

K24 – هەولێر:

هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی و بریارەکەش هاووڵاتیانی دڵخۆشکردووە.

ڕێگریکردن لە هێنان و فرۆشتنی ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی لەنێو بازاڕەکاندا دەکرێت، ئەمەش وایکردووە هاووڵاتیان بەو بڕیارە دڵخۆشبن.

لەلایەن خۆیەوە،  ئاکار محەممەد کە خۆی کاری فرۆشتنی جگەرە و نێرگەلە دەکات، جەختی لەوە کردووەتەوە، ڕۆژانە دەیان مێرد منداڵ دەهاتنە لایان و پرسیاریان دەرباری ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکرد، بۆیە بڕیارەکە بە گونجاو دەزانێت.

بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەتایبەتی لەنێو هەرزەکاران و گەنجان، بەو پێیەی وا گریمانە دەکرا کە سەلامەتترە لە جگەرە، بەڵام توێژینەوەکان دەڵێن جگەرەی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان و مەترسییەکان لە سییەکاندا زۆر زیاد دەکات.

هاوکات قایمقامییەتی هەولێر کار بۆ ڕێگریکردن لە هێنان و فرۆشتنی ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکات و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر بەو کەسانەش دەگیرێتەبەر کە  هاوردەی دەکەن.

هەر لەم مانگەدا دەست بەسەر زیاتر لە 26 هەزار ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنیدا گیرا و لەنێوبران، کە بەشێکیان لە پشتی دوکانەکان و کۆگاکاندا شاردرابوونەوە. هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت و پشکنینەکان لە بازگەکان و بازارەکانیش چڕ دەکرێنەوە، هاوکات چاودێریی ئەو شوێن و خەڵکانە دەکەن کە بەشێوەی ئۆنڵاین جگەرەی ئەلیکترۆنی دەفرۆشن.

ڕۆژی 19ـی ئەم مانگە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر ئاشکرای کرد: لە لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی بەشێوەی قاچاغ لە سنووری سلێمانی کە بێ سانسۆر مامەڵەی پێوە دەکرێت، دەهێندرێتە نێو هەولێر و گووتیشی: دەمانەوێت بەیەکەوە کۆنترۆڵی ئەو دیاردەیە بکەین.

هەروەها ڕۆژی 23ـی ئابی 2024، سه‌فین قادر ڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێریی ته‌ندروستی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، ڤه‌یپ و نێرگه‌له‌ی ئه‌لیكترۆنی له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2013ـوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ و ساڵانه‌یش هه‌ڵمه‌تی هۆشیاركردنه‌وه‌ و هه‌ڵمه‌تی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و ڤه‌یپ و نێرگه‌له‌ ئه‌لیكترۆنیانه‌یشیان هه‌یه‌.

Fly Erbil Advertisment