هەڵاوسان تەنگی بە خەڵکی ئێران و ڕۆژەهەڵاتی کوردستان هەڵچنیوە

سێ ساڵەی لەسەر یەکە هەڵاوسانێکی چاوەڕوان نەکراو لە ئێران، خۆراک و کەرتی خانووبەرە دەهەژێنێت، کاریگەرییەکانیش زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زەق بووەتەوە و بەرۆکی هاووڵاتییانی گرتووەتەوە.
لە ماوەی سێ ساڵدا لە ئێران، نرخی خۆراک و خواردنەوەکان 194% گران بووە و بە پێی داتاکانی ڕاپۆرتێکی ناوەندی ئاماری وڵاتەکە، ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئابی 2023 ـەوە تاوەکوو مانگی ئابی 2024 بەراورد بە هەمان ماوەی پێشووتر %34.8 زیادی کردووە، دوو پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگایەکی ئێرانیش بەرزین ڕێژەی هەڵاوسانیان تێدا تۆمارکراوە و پارێزگاکانی ورمێ و سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای ئیسفەهان لەو ماوەیەدا زۆرترین هەڵاوسانیان تێدا تۆمار کراوە.
بەهای کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە مانگی ئابی ئەم ساڵ بەراورد بە ئابی ساڵی ڕابردوو %31.6 زیادیان کردووە، کە زۆرترین هەڵاوسانی ئەم مانگەش لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.
زۆرترین هەڵاوسان لەم مانگە تۆمارکراوە لە کەرتی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە و گەیاندن بووە، کە گەیشتووەتە %54 و کەرتی خانووبەرەش پلەی لە پلەی دووەمی هەڵاوسان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێت، کە هەم کڕین و هەم کرێی خانووبەرە %43 بەرزبووەتەوە.
بەگشتی، لە نێوان ساڵانی 2021 تا 2023 زۆرترین ڕێژەی هەڵاوسانی گشتیی لە زستانی 2022 و بەهاری 2023 دا بووە، کە لەو مانگانەدا ناوەندی ئامار و بانکی ناوەندی هیچ ڕاپۆرتێکیان بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران کە هاوینی 2023 بڵاوی کردووەتەوە، لەو مانگانەدا ڕێژەی هەڵاوسان لە %50 تێ پەڕیوە.