پەیامنێری کوردستان24: شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغدا

هەردوو لۆگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی
هەردوو لۆگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی

K24 – بەغدا:

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: کەمێک پێش ئێستا شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغدا.

27ـی ئابی 2024، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: شاندەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێنج بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتەکە پێکهاتوون.

لەبارەی ئامانجی ئەو سەردانە، دیلان بارزان ڕوونیکردەوە: شاندەکە بۆ چارەکردنی پرسی مووچە و کێشە و گرفتەکانی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کۆببنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 50 ڕۆژە، وەزارەتی دارایی عێراق، مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، سەرەڕای ماوەی زیاتر لە 33 ڕۆژە لیستی مووچە بۆ بەغدا نێردراوە و وردبینیش لە هەموو لیستەکان تەواو بووە.

هەرچەندە ئەمڕۆ، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕی 550 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج کراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئابی وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە.

Fly Erbil Advertisment