بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بازاڕی مووسڵی سست کردووە

هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا نرخی زێڕ بەرزبووەتەوە، ئەو بەرزبوونەوەیە بە تەنیا کاریگەریی لەسەر بازاڕێ زێڕ نەبووە، بەڵکو بازاڕی چەند پیشەیەکی دیکەشی کز کردووە.
بەربوونەوەی نرخی زێڕ بازاڕی زێڕی لە شاری مووسڵ سست کردووە و کاریگەرییەکی تایبەت و نەرێنی کردووەتە سەر گەنجانی شارەکە، فەهد سەعاتچی، گەنجێکی کاسبکاری بازاڕی نەبی یونسە و بڕوای وایە ئەو بەرزبوونەوەیەی نرخی زێڕ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ژنهێنان و شووکردنی کچانی شارەکەی و دەڵێت: گرانبوونی نرخی زێڕ کاریگەریی کردووەتە سەر کەمبوونەوەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، چونکە زێر بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو گران بووە و نرخی هەر مسقاڵێکی بووەتە 500 هەزار دینار.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ زێڕنگرەکانیش نەک نەبووەتە جێگەی دڵخۆشی، بەڵکو ئەوانیش بە دیار دەرگای دوکانەکانیان دۆشداماون و چاوەڕێی چوونە ژوورەوەی کڕیارێک دەکەن.
مەلا یونس، زیاتر لە 30 ساڵە لە بازاڕێکی شاری مووسڵ پیشەی زێڕنگریی دەکات، بەڵام بە گوتەی خۆی ئەمە یەکەم جارە ئەم بێ بازاڕییە دەبینێت و دەڵێت: 34 ساڵە ئەم کارە دەکەم، بەڵام هەرگیز بیرم نایەتەوە بەم جۆرە نەخی زێڕ بەرزبێتەوە، لە ماوەی چوار ساڵدا نرخی زێڕ 250% بەرزبووەتەوە، خەڵکەکەش بێ کار و بێ پارەیە، هەربۆیە بازاڕ بە تەواوی کز بووە.
هەروەها فیراس مەشهەدانی دوکاندار دەڵێت: کار و ژیانی خەڵکی هەمووی بەیەکەوە بەستراوەتەوە، بازاڕ بە گشتیی تووشی کزی و سستبوونەوە بووە، من لێرە جلوبەرگی بووک دەفرۆشم و بەکرێ دەدەم، بازاڕی ئێمەش بە بازاڕی زێڕنگرەکانەوە بەندە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، ئێستا بازاڕی ئێمەش بە ڕێژەی 40% کەمی کردووە.
هەرچەندە گرانبوونی نرخی زێڕ پەیوەندیی بە ناوچەیەکەوە نییە و بەڵکو سەرتاسەری جیهانە، بەڵام ئەوەی نا ڕاستەوخۆ و لە پاڵ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کاریگەری کردووەتە دۆخی دارایی خەڵک و بازاڕ، بێکاری و قەیرانی داراییە، ئەمەش وایکردووە کاسبکاران و پیشەوەران لە بازاڕێکی شڵەژاودا مامەڵە بکەن.