دەستەی مافی مرۆڤ داوای دانانی سنوورێک بۆ خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکات

لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

K24 – هەولێر:

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا لە داواکاری گشتی دەکات سنوورێک بۆ ئەو کەسانە دابندرێت کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خراپ بەکاردەهێنن، کە بەشێک لەو گوتە و ڤیدیۆیانەی بڵاوی دەکەنەوە دوورن لە دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان.

ماوەیەکە کەسانێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک گرتە ڤیدیۆ و گوتە بڵاو دەکەنەوە کە دوورن لە بەها کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستانی هێناوەتە دەنگ.

مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بووەتە مایەی دروستکردنی کێشە بۆ هاووڵاتییان، هەروەها بەکارهێنەری تۆڕەکۆمەڵاتییەکان دەبێت ئاگاداربن کە هەر شتێک دژی ئاداب و یاسی گشتی بێت نابێت بڵاوی بکەنەوە.

هاوکات دەڵێت: یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕەکۆمەڵاتییەکان لە هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکێکی لاوازی هەیە و دەبێت لە داهاتوودا هەموار بکرێتەوە و بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. داواش لە داواکاری گشتی دەکات سنوورێک بۆ ئەو کەسانە دابندرێت کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خراپ بەکاردەهێنن.

بەشێک لەوانەی کە وەک چالاکوان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ناسراون، بانگەشەی لەشفرۆشی دەکەن و بەشێکیشیان ناوی یەکتر دەڕزێنن و تۆمەت دەخەنە پاڵ یەکتر، هەندێکیشیان ڤیدیۆی نەشیاو بڵاو دەکەنەوە دوور لە دابونەریت، یاسا و بەها کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

هەرچەندە لەساڵی 2008 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 6ـی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی دەرکرد  بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، بەڵام ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، توێژەرانی کۆمەڵایەتی داوا دەکەن لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ئەو یاسایە بەزووترین کات هەموار بکرێتەوە، بۆئەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان ئاراستەیەکی خراپتر وەرنەگرن و ئاسایشی کۆمەڵایەتیش نەکەوێتە مەترسییەوە.

Fly Erbil Advertisment