یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی
پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگەدا گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و تا ئێستا حەوت فیرقە پێکهێنراون و بڕیارە چوار فیرقەی دیکەش دەستبەکاربن.
مەشقی پیادەی هێزەکان تەواو بووە و تەنیا ڕێکارە ئیدارییەکان ماون بۆ ئەوەی بە تەواوی بخرێنە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەوە. شێوازی یەکخستنەوەی هێزەکان لە ساڵی 2023ەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بە جۆرێک کە چەند لیوایەک لە یەک فیرقەدا کۆدەکرێنەوە، ئەمەش کاری سەرکردایەتی و ڕێکخستنیان ئاسانتر دەکات.
ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە خاوەنی حەوت فیرقەی یەکگرتووە و فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ چوار فیرقەی دیکەش دەرچووە. دوای ئەوەی سەرجەم هێزەکانی یەکەکانی 70 و 80 دەخرێنە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتەوە، بەسەر دوو دەڤەردا دابەش دەکرێن.
لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی پێشمەرگە بە کوردستان24 گوت: هەر فیرقەیەک کە تەواو دەبێت، تیمێکی تایبەتی ڕاوێژکاری هەیە و مەشقی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵ و پێدانی زانیارییان پێدەکرێت." هەروەها ستایشی هەوڵەکانی یەکەکانی 70 و 80ی کرد بۆ هاوکارییان لە پرۆسەی یەکخستنەوە، گواستنەوە و ڕێکخستن هێزەکاندا.
یەکخستنەوەی هێزەکان خواستی سەرکردایەتی سیاسی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و هێزەکانی هاوپەیمانانیش پشتیوانی پرۆسەکە دەکەن بۆ سەرخستنی. وەفا محەممەد، شارەزای بواری سەربازی لەو بارەوە ئاماژەی دا، ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستاندایە و پێگەی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات.
بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن، ساڵی داهاتوو دوا وادەیە بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە.