لێزمە باران و لافاو چەند ناوچەیەکی سعوودیەی گرتەوە

کەشناسی سعوودیە دۆخی پرتەقاڵی ڕاگەیاند

لافاو لە سعوودیە
لافاو لە سعوودیە

شەوی ڕابردوو شەپۆلە باران و لافاو چەند گەڕەکێکی شاری مەدینەی گرتەوە و زیانێکی ماددی زۆری بە خەڵکی گەیاندووە و ناوەندی نیشتمانیی کەشناسیی سعوودیەش هۆشداریی داوە ئەمڕۆکەش ئەگەری هەیە لافاو مەدینە و دەوروبەری بگرێتەوە.

مێدیاکانی سعوودیە بڵاویان کردەوە کە لافاوێکی بەهێز بووەتە هۆی زیانێکی زۆر بۆ دانیشتووانی گەڕەکێکی شاری مەدینە و چەندین ئۆتۆمبێلی ڕاماڵیوە و بەشێکی زۆری شەقامەکانی شارەکەش ژێر ئاو کەوتوون.

هەر بەهۆی پەنگخواردنەوەی ئاو کەڵەکەبوونی قوڕ و لیتاو و پاشماوەکانی لافاوەکە چەندین ڕێگەی سەرەکی و شەقام و کۆڵانەکانی شاری مەدینە داخراون و هاتوچۆ تێیاندا پەکی کەوتووە.

ناوەندی نیشتمانیی کەشناسیی سعوودیە ئێوارەی هەینی 30ی ئاب، دۆخی پرتەقاڵی ڕاگەیاند و هۆشدارییەکی سەرتاسەری بڵاوکردەوە ، هەروەها ئاماژەیدا بوو کە بەهۆی باران، تەرزە، هەورە بروسکە و ڕەشەباوە پێشبینی لافاو لە شاری مەدینە و سەرجەم پارێزگاکانی دیکە هەیە.

ناوەندەکە پێشبینی کردووە شەپۆلەکە لە هەینی تاوەکو سێشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بە تایبەت بۆ ئەمڕۆ شەممە پێشبینی کردووە بارانێکی بەخوڕ ناوچە جیاجیاکانی مەدینە و دەوروبەری بگرێتەوە، هەربۆیە هۆشداری داوەتە خەڵکی تاوەکوو تێپەڕینی شەپۆلە لەو ناوچانە دوور بکەونەوە کە زۆربەی کات لافاویان تێدا دروست دەبێت.

Fly Erbil Advertisment