سەدان زیارەتکاری پاکستانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا گیریان خواردووە

فڕۆکەخانەی بەغدا
فڕۆکەخانەی بەغدا

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاندووە، دوو ڕۆژە 654 زیارەتکاری پاکستانی بەهۆی گرفتی تەکنیکی لە دوو فڕۆکەی هێلی ئاسمانیی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا گیریان خواردووە.

ڕاشیگەیاندووە، وەزیری دەرەوە باڵیۆزی پاکستانی ڕاسپاردووە ژەمەخواردن و پێداویستییەکانی زیارەتکارەکان دابین بکات تا ئەو کاتەی گەشتەکەیان دەست پێ دەکەن، هەروا وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی پاکستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە هەوڵ و پەیوەندیدان بۆ ئەوەی هەرچی زووە زیارەتکارەکان گەشتیان بۆ ڕێک بخرێت و بەرەو پاکستان بگەڕێنرێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا پێشبینی کردووە ئەمڕۆ شەممە، سەرجەم زیارەتکارەکان بەرەو پاکستان بەڕێ بکرێنەوە.

بە گوێرەی ئەو ئامارەی ئەمێندارێتیی گشتیی عەتەبەی عەباسی لە عێراق، کە سەرپەرشتیی ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن دەکات، بڵاوی کردووەتەوە، ئەم ساڵ 21 ملیۆن و 480 هەزار و 525 زیارەتکار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەشدارییان لە ڕێوەڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن کردووە.

Fly Erbil Advertisment