پەرلەمانتارێک: کوتلە سیاسییەکان بەرپرسیارن لە دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان

ئەمرۆ شەممە، کوتلەی "ئەلموبادەرە" لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو بەڵێنانەی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەچەند ڕۆژی داهاتوودا دراوە "درۆیە" ئاماژەیان بەوەش دا، سەرجەم کوتلە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی دواخستنی ئەم دۆسیەیان لە ئەستۆدایە.
عەدنان جحەیشی، ئەندامی کوتلەکە بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاند "دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان کێشەیەکی نادروستە بۆ هەموو کوتلە سیاسییەکان، چونکە ئێمە هیچ جددییەکمان لەو هێزانە نەبینیوە بۆ چارەکردنی ئەم دۆسیە گرنگە".
جحەیشی گوتیشی: قسەکردن لەسەر چارەکردنی ئەم هەڵوێستە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو درۆیە. لەحاڵەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان لەماوەی داهاتوودا تەنیا چەند مانگێکی کەم ماوە بۆ کۆتایی هاتنی دانیشتنی ئێستای پەرلەمان بۆیە ناتوانێت هیچ شتێک پێشکەش بکات، یان یاسای گرنگ دەربکات.
دوای ئەوە دادگای فیدراڵی لە ڕۆژی (14ـی تشرینی دووەمی 2023) بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق دا، لەو ساتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی سوننەکانە، لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە شیعەیە، بەڕێوە دەبرێت.