گەیلان حاجی سەعید: نزیکەی 4500 کارگە و کارخانەمان لە هەرێمی کوردستان هەیە

سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر ڕایگەیاند، هەر شوێنێک ئارامیی، یان ژینگەیەکی گونجاوی تێدا بێت، ئەوە وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی ڕووی تێ دەکەن، ئێستە نزیکەی 4500 کارگە و کارخانەمان لە هەرێمی کوردستان هەیە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەر شوێنێک ئارامیی، یان ژینگەیەکی گونجاوی تێدا بێت، ئەوە وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی ڕووی تێ دەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان بەتایبەتی شاری هەولێر، وەک ناوەندێکی بازرگانی هەم لە وڵاتانی دەرەوە هەم لە ناوخۆی عێراق ناسراوە، ئەمەەش بەهۆی ئەو وەبەرهێنانەی کە لەساڵانی ڕابردوو کراوە.
باسی لەوەش کرد، چەند پرۆژە هەبێت لە شارەکان، ئەوەندەش جووڵەی بازرگانی دەبێت، هەروەها ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنیشی لەسەر هاووڵاتیان دەبێت، دەشڵێت: هەولێر لە ساڵانی ڕابردوو پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە بواری پیشەسازی و وەبەرهێنان بەخۆیەوە بینیووە، بۆیە جێی دڵخۆشییە کە هەولێر پشکی شێری لە وەبەرهێنانەکان بەرکەوتووە لە لایەن وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی.
گەیلان حاجی سەعید، جەختیشی کردەوە، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، نزیکەی 4500 کارگە و کارخانەمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە دڵنیام زۆربوونی ئەو ڕێژەیە لەم چەند ساڵەی دواییدا بووە، چونکە سەقامگیرییەکی تەواو و ژینگەیەکی لەبار، هاندەر بووە کە ڕێژەی کارگەکان زیاد بکات.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر دەشڵێت: ئەگەر بگەڕێینەوە چوار پێنج ساڵ لەمەوبەر، دەتوانم بڵێم لەسەدا یەکی ئەوکاڵایانەی لەهەرێمی کورستان هەبوو هی ناوخۆ نەبوو، بەڵکو لە وڵاتانی دەرەوە دەهات، بەڵام ئێستا ئێمە لەچەند بەرهەمێک گەیشتووینەتە ئەوەی پێداویستی ناوخۆ و عێراقیش پڕ بکەینەوە.