شنگالییەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

ژیانی ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکاندا بە چاوەڕوانی ئاسایی بوونەوەی دۆخی شارەکەیان و گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان، بەجۆرێک بەبنبەست گەیشتووە کە هیچ هیوایەک بۆ گەڕانەوە بەدی ناکەن؛ لەبەر ئەوە مانەوەیان لە کەمپەکان بە پارێزراو و باشتر دەزانن لە گەڕانەوە بۆ شارێکی وێرانی بە سەربازگەکراو.

شاکر حەیالی، ئاوارەی شنگال دەڵێت: تاوەکوو ئێستاش ژیان و گوزەرانی ئاوارەکانی شنگال لە مەینەتیدایە، ئێمە هێشتا هەر لە ئاوارەییدا لە نێو کەمپ و شارەکان پەرتەوازەین، لەلایەکی دیکەشەوە کچ و ئافرەتانی شنگال لەژێر دەستی داعشدا ماون، ئەگەر تیمی تایبەت پێک بهێنرایە دەتوانرا بەشێک لە کچانی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار بکرێن. ئاوارەی کەمپەکانیش هیچ کارێکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە و دەبێت حکوومەتی عێراق مشورێکی زیاتر و باشتر لە ئاوارەکانی شنگاڵ بخوات.

ژیان و گوزەران و چارەنووسی ئاوارەکان بووەتە باسێکی گەرم و گوڕی کۆنفرانسێکی هاوبەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەگەڵ شاندێکی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق و کوردستان، لە گفتوگۆکاندا هەڵوەستە لەسەر ئەوە کرایەوە کە هاوکارییەکی زیاتر و شایستەتر پێشکەشی ئاوارەکان بکرێت.

لەلایەن خۆیەوە جۆرج جیکاوری، بەڕێوەبەری لقی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی گوتی: بە دڵنیاییەوە ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی ئارامیی بۆ ناوچەکان بگەڕێندرێتەوە و ئاوارەکانیش بچنەوە زێدی خۆیان، چونکە پێویستیان بە ئارامی و خزمەتی باشتر و زیاتر هەیە، تاوەکوو ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سنگێکی فراوان و تیڕوانینێکی مرۆڤدۆستانە هاوکارییان دەکات.

عەلی سەعید، بەڕێوەبەری زانیاری و پەیوەندییەکانی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت: کەمپی ئاوارەکان بە هەڕەمەکی داناخرێن، بەڵکو کەمپەکان بەردەوام دەبن و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بڕیارەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان لە 30 تەممووزی 2024 نەمێنێت و هەڵوەشێتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 10 ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام لە هەماهەنگیی بووە بۆ ئەوەی کێشەکانی خەڵک و ئاوارەکانی شنگال چارە بکرێن و چیتر لە ئاوارەیی بەسەر نەبەن و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

Fly Erbil Advertisment