لە هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر قاوە هەیە

ساڵانە قاوەیەکی زۆر بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتە عەرەبییەکان دەخورێتەوە، قاوە دووەم کاڵای هەناردەکراوە لە جیهاندا دوای نەوت، لە هەرێمی کوردستانیش خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەمەش وایکردوە وەک بازرگانییەک سەیر بکرێت و دەیان قاوەخانە و کۆفی شۆپی تایبەتی بۆ بکرێتەوە.
قاوە یەکێکە لە بەناوبانگترین خواردنەوەکان لە جیهاندا، ساڵانە قاوەیەکی زۆر بەتایبەت لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی دەخورێتەوە، لەم چەند ساڵەی دواییدا لە هەرێمی کوردستانیش خواستێکی زۆری لەسەرە، لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوو بەم جۆرە نەبووە، بەرادەیەک زیاتر لە 50 شوێنی تایبەت بە فرۆشتنی قاوە و پێشکەشکردنی جۆرە جیاوازەکانی لە هەولێر هەن .
حوسێن ئەمین، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی گوت: کاتێک لەگەڵ هاوڕێکانم یاریمان زۆر دەکرد، خەوم دەهات، هاوڕێکانیشم پێیان گوتم، قاوە بخۆ خەوەکەت نامێنیت، دواتر کە قاوەم خوارد خەوەکەم نەما.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی فاوستات لە ساڵی 2010 دا لە عێراق بە هەرێمی کورسستانیشەوە ڕێژەی قاوە بۆ هەر تاکێک گەیشتووەتە 0.010 کیلۆگرام، ڕێژەکە لەم ساڵانەی دواییدا بەرزبۆتەوە بۆ 0.87، زۆری خواست و بەرزبوونەوەی ئەو ڕێژەیە وایکردووە چەندین جۆری جیاوازی قاوەی ساختە بکەوێتە بازارەوە.
محەممەد لەم کافێیەدا ڕۆژانە زیاتر لە 100 کوپ قاوە ئامادەکات، جگەو خواردنەوانەش کە بە بەکارهێنانی قاوە جۆری جیاوازی سارد و گەرمی خواردنەوەی دیکەی لێ دروست دەکرێت.
محەممەد جومعە، فرۆشیار قاوەیە و دەڵیت: قاوە جۆری زۆرە، ئیتاڵی و تورکی خواستی زۆر لەسەرە، هەروەها ڕێژەی فرۆشتنیشی جیاوازە، ڕۆژ هەیە 10 کیلۆ دەفرۆشم، ڕۆژ هەیە 11 کیلۆ دەفرۆشم. گوتیشی: لەچاو ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی خواردنەوەی قاوە زیادی کردووە.
عێراق لە گرووپی 161 وڵاتدا لە پلەی 110 دایە لە ڕووی بەکارهێنانی قاوە خواستی زۆر لەم چەند ساڵانەی دواییدا کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە بەجۆرێک بۆتە بژیوی سەرەکی ژیانی چەندین کەس
هێمن رەئوف، پسپۆری قاوە باس لەوە دەکات، ساڵ بەساڵ جیاوازە، واتە ئەمساڵ بەراورد بەساڵی ڕابردوو، خەڵک زیاتر قاوە دەکڕێت، پێشتر ئەوانەی قاوەیان دەخواردەوە، ڕێژەکەیان لە سەدا 6 تێپەڕی نەدەکرد، بەڵام ئێستا پێشبینی دەکەم ڕێژەکە گەیشبێتە سەدا 15.
فیدراسیۆنی جیهانی قاوەش پێشبینی کردووە ئەمساڵ 167 ملیۆن فەردەی 60 کیلۆیی قاوە لە جیهان بەرهەم بێت، بەڵام بەپێی داتاکانی ئەو فیدراسیۆنە، خواست بۆ بەکارهێنانی قاوە تەنها 165 ملیۆن فەردەیە.