کەرتی وەبەرهێنان بووەتە دەروازەیەکی گەورەی گەندەڵی لە عێراق

K24 – هەولێر:
گەندەڵی و لاوازی سیستەمی یاسایی لە عێراق وای کردووە ژینگەیەکی لەبار بۆ دیاردەی سپیکردنەوەی پارە دروست بێت و بمێنێت، لەو نێوەندە کەرتی وەبەرهێنان لە عێراق بووەتە ڕێگایەکی سەرەکی بۆ سپیکردنەوەی پارە. دیارترین نموونەش هەبوونی چەندین پڕۆژەی تەواونەکراوە.
گەندەڵی، کەرتی وەبەرهێنانی لە عێراق کردووەتە ئامرازێک بۆ سپیکردنەوەی پارە لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا، ئەم دۆخە بووەتە هۆکارێک بۆ داڕمانی ئاستی وەبەرهێنان لە عێراق، بەو پێیەی پارەی نایاسایی ئاراستەی ئەو پڕۆژانە دەکرێت کە بە رووکەش شیاون بەڵام بەهایەکی راستەقینەی ئابوورییان نیە، تەنیا بوونەتە بەرگێکی یاسایی بۆ شاردنەوەی پارە نایاساییەکان، دەرئەنجام ئاڵنگارییەکی گەورەی لەبەردەم ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی دروست کردووە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی کردووەتە ئامانج.
یەکێک لە شێوازە باوەکانی سپیکردنەوەی پارە لە عێراق وەبەرهێنانە لە کەرتی خانووبەرە، کە بە جۆرێکە پارەی نایاسایی ئاراستەی کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکرێت، ئەمەش بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان لەو کەرتە و کڕینی خانووی لەلایەن هاووڵاتییان سەخت کردووە.
لە عێراق دەیان پرۆژەی وەبەرهێنانی تەواونەکراو هەن کە تەنیا وەک هۆکارێک بۆ سپیکردنەوەی پارە بەکارهێنراون. وەبەرهێنانی بیانی کە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ بووژانەوەی ئابووری، لە هەمانکاتدا لە عێراق بەمەبەستی بە سپیکردنەوەی پارە زەمینەسازی بۆ دەکرێت.
دوو ساڵ بەسەر راگەیاندنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە کارگەی شووشە و سیرامیکی روومادی لە پارێزگەی ئەنبار لەلایەن کۆمپانیایەکی رووسی تێدەپەڕێت، کەچی تاوەکوو ئێستە هیچ هەنگاوێکی ڕاستەقینە لەم پرۆژەیەدا نەنراوە.
یەکێک لە کەرتەکانی دیکە، کەرتی بانکییە لە عێراق کە بەشدارییەکی کارا لە ئاسانکاریی قاچاخچیەتی دراو و رێوشوێنەکانی سپیکردنەوەی پارە دەکات. لەبەر ئەوەی لەلایەک لەلایەک لە ڕێگەیەوە خزمەتگوزاری ڕاستەقینە پێشکەش بە هاووڵاتییان ناکات لە لایەکی دیکە ئەم کەرتە بووەتە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەندەڵکاران.
پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا شێوازەکانی سپیکردنەوەی پارەی زیاتر کردووە، فازڵ غراوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، یاری پۆبجی بووەتە یەکێک لە هۆیەکانی سپیکردنەوەی پارە، بە جۆرێک تەنیا لە کڕینی کارتەکانی ئەم یارییە یەک ملیار دۆلار چووەتە دەرەوەی عێراق.
گەندەڵی و لاوازی سیستەمە یاساکان لە عێراق نەک تەنیا بۆ کۆمپانیا و کەسانی ئاسایی بووەتە ناوەندێک بۆ سپیکردنەوەی پارە، بەڵکو بۆ وڵاتانی ناوچەکەش دەرفەتێکی ڕەخساوە، ئەمەش داهاتووی ئابووری عێراقی خستووەتە بەردەم پێشهاتێکی مەترسیدار.