ژمارەیەک قوتابی زانکۆی سەڵاحەددین مۆڵەتی میکانیکی و چاککردنەوەی فڕۆکەوانییان لە ئوردن وەرگرت

K24 – هەولێر:

15 قوتابی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەددین مۆڵەتی میکانیکی و چاککردنەوەی فڕۆکەوانییان لە ئەکادیمیای فڕۆکەوانی شاهانەی ئوردن وەرگرت.

هەینی 6ـی ئەیلوولی 2024 سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، دووساڵ لەمەوبەر زانکۆ 15 قوتابی کۆلێژی ئەندازیاری بەشی فڕۆکەوانی بۆ مەبەستی تەواوکردنی خوێندن نارد بۆ ئه‌كادیمیای فڕۆكه‌وانیی شاهانەی ئوردن.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئەو قوتابییانە توانیان خوێندنەکە لەو ئەکادیمیایە بە سەرکەوتوویی تەواو بکەن و دواجار مۆڵەتی میکانیکی و چاککردنەوەی فڕۆکەوانییان پێدرا.

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین بە یاوەری جێگری سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکی بەشی فڕۆکەوانی زانکۆکە، بۆ مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخ و رەوشی قوتابییانی بەشی فڕۆکەوانی سەردانی ئەکادیمیای فڕۆکەوانی شاهانەی ئوردنی کرد.

بەشی فڕۆکەوانیی زانکۆی سەڵاحەددین 4 ساڵە لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەددین کراوەتەوە، لەگەڵ کردنەوەی بەشەکە بڕیار بوو قوتابییان دوو ساڵی کۆتایی بۆ خوێندنی پراکتیکی بنێردرێن بۆ ئۆکراینا، بەڵام بەهۆی جەنگەوە گرێبەستیان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵوەشایەوە و دواتر زانکۆ گرێبەستی  لەگەڵ ئەکادیمیای فڕۆكه‌وانیی شاهانەی ئوردن کرد. 

قوتابییان لەو ئەکادیمیایەدا دوو بڕوانامەیان دەبێت، یەکەم؛ بڕوانامه‌ی بەكالۆریۆس له‌ زانكۆی سەڵاحه‌ددین و دووەم؛ مۆڵه‌تی میکانیکی و چاکردنەوەی فڕۆكه‌وانی.

قوتابییانی بەشی فڕۆکەوانی دوو ساڵی یەکەم وانە تیۆرییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین دەخوێنن و دوو ساڵی کۆتاییش لە ئه‌كادیمیای فڕۆكه‌وانیی شاهانەی ئوردن ته‌نیا بابه‌ته‌ پراكتیكییه‌كان دەخوێنن.

قوتابییان پێشتر ئاگادار دەکرێنەوە و گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت کە دەبێت لەسەر حیسابی خۆیان لە ئوردن بخوێنن. 

Fly Erbil Advertisment