چاودێرێکی سیاسی: ئەرکی هێزەکانی کۆماندۆ پاراستنی سنوورەکانە نەک هەڕەشە لە کاسبکاران

ماوەیەکە لە سلێمانى هێزێک بە ناوى کۆماندۆ سەر بە یەکێتىی نیشتمانىی کوردستان، چەند تاوانێکی کردووە، نوێترینییان داخستنى دەزگاى چاودێرە کە دەزگایەکى ڕۆشنگەرییە.
ماوەى چەند مانگیکە چەندین ڕووداوى نەخوازراو لە کوشتن و ڕفاندن و بریندارکردن و داخستنى دەزگاى ڕۆشنگەرى، لە پارێزگاى سلێمانى ڕوویان داوە، کە بەشیکى زۆرى ئەو ڕووداوانە لە لایەن چەکدارانى هێزێکە بە ناوى کۆماندۆ؛ ئەم ناوە ئێستا لاى هاووڵاتیان زۆرترین پرسیارى دروست کردووە، کە ئایا کارى ئەم هێزە لەناو سلێمانى چییە و چییان لە هاووڵاتیان دەوێت؟ چاودێرێکى سیاسی پێى وایە ئەو هێزە ڕۆڵى دەزگا فەرمییەکانى وەک پۆلیس و ئاسایشى نەهێشتووە و هەندێک لە کارەکانیان بۆ ترساندنى هاووڵاتیانە .
سامان فارس، چاودێرى سیاسی بە کوردستان24ـی گوت: ئەوەی هێزی کۆماندۆ دەیکات، ئەسڵەن ئەرکی ئەو نییە، ئەرکی هێزی کۆماندۆ پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە، نەک ئەوەی بێت بێتە ناو شاری سلێمانی و هەڕەشەو چاوسوورکردنەوە لە ئەوکەسانەی کە کاسبی ماڵی خۆیانن یان چایچیەکە یان گەنجێکی هەرزەکارە، بە بێ ئەوەی بیرێک بکەنەوە کە ئەم گەنجانە دەکوژن، پایتەختی ڕۆشنبیری نازانم چ پێویستی بەم هەموو چەکدارە هەیە.
کارى هێزە ئەمنیەکان لە هەرێمى کوردستان بەگوێرەی یاسا ڕێکخراوە، بە تایبەت یاساى ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان، بۆیە بە گوێرەی یاسا بەشێک لە کارەکانى ئەو هێزە دەکەوێتە دەرەوەى یاساکە، بۆیە دەتوانرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت و تەنها ئەو کارە بکەن کە بۆیان دیارى کراوە.
زانا تۆفیق، شارەزاى بوارى یاسا دەڵێت: ئێمە یاسایەکمان هەیە یاسای ژمارە چواری ساڵی 2011ـیە، ئەم یاسایە پێی دەوترێت یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دیارە زۆربەی دەزگا ئەمنیەکان کە لە هەرێمی کوردستاندان دەکەونە ژێر چەتری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە پێی یاساکانی ناو ئەم ئەنجوومەنە بێت تەبعەن 9 ماددەیە بەتایبەت لەماددەی 3 دا، وە لە برگەکانی 1 و 2 و 3 دا بەڕوونی باس لە گرنگیەکانی ئەو هێزانە دەکات، بەتایبەتی ئەم هێزانەی کە لەشاری سلێمانیدان، ئەگەر لە ڕووی یاساییەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین، ئەم هێزانە دەبێت وەزیفەیان یان ئەرکیان پاراستن و دابینکردنی هاونیشتیمانیانە لە سلێمانی.
ئێرە ئەو جێگایەیە کەمانگی حەوتی ڕابردوو چەکدارێکی کۆماندۆ چایچیەیەکی بەبێ تاوان کوشت، وەک چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی یاساییش باسی دەکەن بەشێکی زۆری کارەکانی ئەو هێزە بۆتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانە.