پێنج کۆنگرێسمان: حەییان عەبدولغەنی نەوتی عێراق لە بەرژەوەندی ئێران و سوپای پاسداران بەکار دەهێنێت

لە نامەیەکدا، کە ئاراستەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کراوە، پێنج ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا چەند لایەنێکی عێراقیان لەناو وەزارەتەکانی نەوت و گواستنەوە و کۆماپانیای سۆمۆ، لەوانەش کوتلە عێراقییەکان تۆمەتبار دەکەن، بە خراپ بەکارهێنانی نەوتی عێراق و بە قاچاخبردنی بۆ بەرژەوەندی خەزێنەی ئێران و سوپای پاسداران.
ئەو پێنج ئەندامەی کۆنگرێس 'جۆ ویڵسن، فرینچ هێڵ، مایکل لاولەر، مایکل وۆڵتز و کیڤن هیم' لە نامەیەکدا کە ڕێکەوتی 4ـی ئەیلوولی 2024 لەسەرە، ئاراستەی سەرۆکی ئەمەریکایان کردووە و نووسیویانە "حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەم نزیکانەدا سەردانی ئەمەریکا دەکات، کە ئەمە لەکاتێکدایە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، وەزیر و بەرپرسانی دیکەی عێراق لە خۆدزینەوەی سزاکانی سەر ئێران تێوە گلاون".
ئەو پێنج کۆنگرێسمانە داوایان لە بایدن کردووە، ڕێگریی لە بەشداریی وەزیری عێراق بکات لە چالاکییەکانی ئەمەریکا تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە دەکرێت و ئەنجامەکانیان دەخرێنە بەردەم کۆنگرێس. هەروەها دەڵێن ئەو کەس و لایەنانەی پەیوەندیدارن بەم تێوەگلانە، ئەگەر سەلمێنرا، ئەوا سزاکانی ئەمەریکایان بەسەردا بسەپێندرێت.
ئەو پێنج ئەندامەی کۆنگرێس، نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لەوەی کە کەرتی نەوتی عێراق بووەتە ئامرازێکی بەهێز و بەردەوام کە لە ڕێگەیەوە گرووپەکانی سەر بە ئێران و سوپای پاسداران و تیرۆر پارەدار دەکەن. کەبەگوێرەی خەمڵاندنەکان ساڵانە یەک ملیار دۆلار داهاتیانە.
بەگوێرەی نامەکەی ئەندامانی کۆنگرێس، ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق ئاسانکاری بۆ ئێران دەکات تاوەکوو خۆیان لەسزاکان بدزنەوە، ئەویش بە ڕێگە بە هێنانی نەوتی ئێران دەدەن، کە لەخاکی عێراق بە قاچاخ دەفرۆشرێت و لە ڕێگەی دەریاوە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت.
لە نامەکەدا، داوا لە ئەمەریکا کراوە گرەنتی ئەوە بکات عێراق ڕێگە بە لایەنە پەیوەستەکان بە ئێران نەدات نەوتی عێراق بە قاچاخ ببەن، یان ئاسانکاری بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان بۆ دانەوەی قەرزی وزە بە ئێران بکات، کە ئەمە پێچەوانەی بڕیارەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکایە.
نەوتی کوردستان لە نامەی پێنج ئەندامەکەی کۆنگرێس
لە بەشێکی دیکەی نامەکەیاندا، ئەو پێنج ئەندامەی کۆنگرێس باسیان لە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێن: بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق لە کاتێکدا ڕوودەدات کە لوولەی نەوتی عێراق-تورکیا بە داخراویی بمێنێتەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەتی دەکاتەوە هێڵەکانی لوولەی نەوت بکاتەوە".
دەشڵێت: ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لەسەر پێنج ملیار دۆلار لە وەبەرهێنانەکانی ئەمەریکا دەبێت، بۆیە داوایان کرد سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێندرێت کە تێوەگلاون.
باس لەوەش کراوە "ڕەنگە بەرپرسانی باڵای عێراق و خانەوادەکانیان، کە لە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق کار دەکەن، ڕاستەوخۆ لەو قاچاخیە تێوەگلابن"، کە لە ڕێگەی یاریکردن و تەرخانکردنی ئەو قاچاخییە لەلایەن کۆمپانیاکانی عەسائیب ئەهلو حەقەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
یاسادانەران تا 30ـی ئەیلوول مۆڵەتیان بە جۆو بایدن داوە بۆ پێداچوونەوە و وەڵامدانەوەی نامەکەیان، داواشیان لێ کردووە ڤیزا بە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق نەدات، ئەگەر لێکۆڵینەوەکان لەسەر وەزیرەکە بەردەوام بن.
لای خۆیەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، ئەو نامەیەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا، سەبارەت بە هاوکارییەکانی عێراق بۆ ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان، بە تۆمەتێکی نادروست وەسف کرد ڕەتی کردەوە.