ئەحمەد مەهدی: مەسعود پزیشکیان دەیەوێت پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر بەهێزتر بکات

K24 – هەولێر:
ئەکادیمیستێک دەڵێت: پزیشکیان پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و هەرێمی کوردستان و ئێران پێویستیان بە پاڵپشتی یەکترییە. شرۆڤەکارێکی سیاسیش گوتی: پزیشکیان دەیەوێت دیدگەی وڵاتان بەرامبەر ئێران بگۆڕێت.
ئەحمەد مەهدی، ئەکادیمیست و نەدا کەعبی، شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی کرد، باسیان لە گرنگی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
ئەحمەد مەهدی، ئەکادیمیست، ڕایگەیاند، ئێستە ئێران ئاراستەی سیاسی سەقامگیریی هەیە، دەیەوێت لە ناوچەکە ڕۆڵێکی باش بگێڕێت، عێراق لە دڵی ئێرانییەکاندا جێگەیەکی گەورەی هەیە و هاوبەشی مێژووی لەنێوان هەردوولا هەیە.
ئەو ئەکادیمیستە دەڵێت: مەسعود پزیشکیان پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، پزیشکیان پێیوایە هەرێمی کوردستان قورساییەکی زۆری هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پزیشکیان دەیەوێت پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر بەهێزتر بکات و، هەرێمی کوردستان و ئێران پێویستیان بە پاڵپشتی یەکترییە.
ئەحمەد مەهدی، گوتی: پزیشکیان هەوڵ دەدات پەیوەندی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگا کوردییەکانی ئێران بەهێز بکات، هەروەها ئێران لەو بڕوایەدایە بڕیارە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر حکوومەتی فیدراڵی هەیە.
لای خۆیەوە نەدا کەعبی، شرۆڤەکاری سیاسی، دەڵێت: سەردانی مەسعود پزیشکییان بۆ عێراق چەندین پەیامی گرنگی لەخۆ گرتبوو، ئەمەش یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری نوێی ئێرانە بۆ عێراق، بڕیاریشە سبەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، پێی وایە، ئێران لە سیاسەتی دەرەوەیدا پشت بە پڕکردنەوەی بۆشایی دەبەستێت، هەروەها پزیشکیان دەیەوێت دیدگەی وڵاتان بەرامبەر ئێران بگۆڕێت.
ئاماژەی بەوە دا، ئێران دەیەوێت عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی خۆی بەکار بهێنێت و عێراق سییەکانی ئێرانە، هەروەها عێراق سوودی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران وەرگرتووە.
هەر لەبارەی عێراقەوە، زیاتر دەڵێت: ئێران نایەوێت عێراق وڵاتێکی لاواز بێت و بەڵکو دەیەوێت عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەری بێت.
گوتیشی: ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بۆ ئێران گرنگە، هەروەها بەغداش ڕۆڵی نێوەندگیر لەنێوان واشنتن و تاران دەبینێت.
ناوبراو لەبارەی هەرێمی کوردستان، گوتی: هەرێمی کوردستان قورسایی سیاسی لە ناوچەکە هەیە، هەروەها هەرێمی کوردستان پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەیە.