یونیتاد زیاتر لە 61 گێگا بایت زانیاریی بۆ دادگایی کردنی تاوانبارانی داعشی ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە

تیمی یونیتاد دوای پشکنین DNA ، تا ئێستا ڕووفاتی 78 قوربانییان بۆ خانەوادەکانیان گەڕاندووەتەوە، یونیتاد تا ئێستا لێکۆڵینەوەکانی بەردەوامن و زیاتر لە 61 گێگا بایت زانیاریی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ دادگایی کردنی تاوانبارانی داعشی ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردوون.
هێزی ئاسمانیی عێراق بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگییF16 لە ناوچەی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سووپای عێراقی لە کفری، سێ پێگەی چەکدارانی داعشیان بۆردوومان کرد، هاوکات ڕێکخراوی یونیتادیش نوێترین ڕاپۆرتی لەسەر تاوانەکانی داعش لە مووسڵ و زیندانی بادوش بەتایبەتی بڵاو کردووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی یونیتاد هاتووە کە داعش دوای دوو ڕۆژ لە کۆنتڕۆڵکردنی زیندانیی بادوش، زیاد لە 600 زیندانیی شیعەی کۆمەڵکوژ کردوون، ئەمەش گەورەترین کوشتاری داعشە لە یەک ڕووداودا ئەنجام درابێت.
هێشتا مەترسی داعش ماوە و ڕۆژانەش تاوانەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە ئاشکرا دەکرێن، لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزی پێسمەرگە و سووپای عێراقی، مەترسی داعش زیاترە، بەجۆرێک شەوی 14ـی ئەم مانگە، هێزی ئاسمانیی عێراق بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی F16، لەناوچەی بۆشایی ئەمنی لە نزیک زنجیرە چیای پەلکانە سەر بە قەزای کفری، سێ پێگەی چەکدارانی داعشیان بۆردوومان کردووە، تیمی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش ناسراو بە ( یونیتاد)، نوێترین ڕاپ]ۆرتی لەبارەی تاوانەکانی داعش لە زیندانی بادوش لە ڕۆژئاوای مووسڵ بڵاو کردووەتەوە.
کریستین ریتچەر ، ڕاوێژکاری تایبەتی پێشووی ڕێکخراوی یونیتاد ڕایگەیاند: لە لێکۆڵینەوەکانیان دەرکەوتووە، ئەو تاوانەی داعش لە زیندانی بادوش دژی شیعەکان ئەنجامیدا، گەورەترین کوشتارە لە یەک ڕووداودا ئەنجام درابێت.
کریستین ریتچەر گوتی: یەکێک لە تیمە مەیدانییەکانی تیمی یونیتاد، لێکۆڵینەوەی لە تاوانی ڕەشەکوژییەکەی ساڵی 2014 دا کردووە لە زیندانی بادوش کە زیاتر لە هەزار زیندانی شیعەی تێدا بوو، ئەمەش گەورەترین کوشتارە لەلایەن داعشەوە لە یەک ڕووداودا ئەنجام درابێت، دەشڵێت: لەم لێکۆڵینەوەیەدا چەندین بەڵگەی گرنگ کۆکراونەتەوە، تیمەکانمان بە هاوبەشی لەگەڵ شارەزا عێراقییەکان کاردەکەن تاکوو پشکنینی DNA بۆ ڕووفاتی ئەو قوربانییانە بکرێت و سەرجەمیان بگەڕێندێنەوە بۆ خێزانەکانیان.
دوای حەوت ڕۆژ لە گرتنی مووسڵ، داعش لە زیندانی بادوش لە ڕۆژئاوای شارەکە ، سەرجەم زیندانییە شیعەکان کە ژمارەیان زیاتر لە 1400کەس بوو، کۆی کردنەوە و لە بیابانێکی مووسڵ، دەستڕێژیی گوللـەی لێکردن، بەگوێڕەی ڕاپۆرتەکەی یونیتاد، 621 زیندانیان کوژران، 470 یان ڕزگاریان بوو، 333 کەسی دیکەشیان بێ سەر و شوێن بوون و گومان دەکرێت کوژرابن.
تیمی یونیتاد دوای پشکنین DNA ، تا ئێستا ڕووفاتی 78 قوربانییان بۆ خانەوادەکانیان گەڕاندووەتەوە، یونیتاد تا ئێستا لێکۆڵینەوەکانی بەردەوامن و تا ئێستا زیاتر لە 61 گێگا بایت زانیاریی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ دادگایی کردنی تاوانبارانی داعش، ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردوون.