بێگەرد تاڵەبانی: قەبارەی گلدانەوە و عەمبارکردنی ئاو لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجایە
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە گوتارێکدا لە میانە دانانی بەردی بناغەی بەنداوی دووین لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە سێ ساڵی ڕابردوو تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ 10 بەنداو تەواو دەبن کە توانای گلدانەوەیان زیاتر لە 160 ملیۆن مەتر سێجای ئاوە و جێگەی خۆشحاڵییە هەر جارە لە دەڤەرێکی هەرێمی کوردستان ئامادەی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەک دادەنێن.
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: پرۆژەی بەنداوی دووین دەکەوێنە بناری شاخی دووین کە ناوچەیەکی ستراتیجییە و چەند ڕەهەندێکی گرنگ لە خۆ دەگرێت، یەکێک لە ڕەهەندە گرنگەکانیش قەڵای دووینە کە لە سەردەمی میرنشینی سۆران کاروانسەرا و ناوەندێکی گرنگی بەیەکەوە بەستنەوەی هەولێر و ڕواندز و ئازەربایجان بووە.
هەروەها گوتی: ئەم ناوچەیە جیا لەوەی لە ڕووی مێژووییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، لە ڕووی گەشتیاریشەوە بایەخێکی تایبەتی هەیە و بەهۆی هەڵکەوتەی لە نزیک شارۆچکەی شەقڵاوە ساڵانە سەدان هەزار گەشتیار دێنە ئەم ناوچەیە، هەربۆیە بە دروستکردنی بەنداوی دووین جیا لە کەرتە گەشتیارییەکەی، دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ زیندووکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی، کەرتی کشتوکاڵی و پەرەپێدانی سامانی ماسی، ئەمە جیا لەوەی لە چەند ڕەهەندێکی دیکەشەوە جووتیارەکان دەتوانن سوودی لێ وەرگرین.
گوتیشی: کاتێکدا لە کابینەی نۆیەم لە وەزارەتی کشتووکاڵ دەستمان بەکار کرد، ڕاستە چەند پۆند و بەنداوێک بڕیاری دروستکردنیان درابوو و پارەشیان بۆ خەرج کرابوو، بەڵام بەهۆی باران و لافاوەوە بەشێکیان زیانیان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندبوو،
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەروا گوتی: لە هەشت کابینەی ڕابردوودا بڕیار لەسەر دروستکردنی چەندین بەنداو دەرکرابوو و پارەشیان بۆ خەرج کرابوو، بەڵام بەهۆی باران و لافاوە ئامانجەکەیان نەپێکا بوو زیانیشیان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندبوو؛ بەڵام لەم سێ ساڵی ڕابردوودا تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ بە پشتیوانییەکانی سەرۆکوەزیران، 10 بەنداو تەواو دەبن کە توانای گلدانەوەی لە سەرووی 160 ملیۆن مەتر سێجای ئاوە و کۆی گشتیی عەمبارکردنی ئاو لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە 10 ملیار و 122 ملیۆن مەتر سێجای ئاو، ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگ و ستراتیجییە نەک بە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ ناوچەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق کاریگەری دەبێت.
هەروەها ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا بەنداوی گۆمەسپان دەکرێتەوە کە سێیەمین گەورەترین بەنداوە لە ئاستی هەرێمی کوردستان و دەبێتە ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیجیی بۆ کەرتی گەشتیاریی و کشتوکاڵ و باغداری لە سنووری پارێزگای هەولێر.