ئەمڕۆ تیروپشکی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق رادەکێشرێت

خولی ئەستێرەکانی عێراق
خولی ئەستێرەکانی عێراق

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، لە بارەگای فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم یانەکان، تیروپشکی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق رادەکێشرێت.

ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە بەشداریی 20 یانە دەبێت، خولەکە لە دوو قۆناغ پێكهاتووە و هاوشێوەی وەرزی ڕابردوو هەر یانەیەک لە یاریگەی خۆی و لە دەرەوە رووبەڕووی 19 یانەکەی دیکە دەبێتەوە، پێشبینی دەکرێت بۆ یەکەمجارە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بۆ راکێشانی تیروپشکەکە بەکار بهێندرێت.

بە بڕیاری فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رۆژی هەینی داهاتوو 20ـی ئەیلوولی 2024، یاریی کردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگەی دهۆک بەڕێوەدەچێت، بەر لە یارییەکە ژمارەیەک هونەرمەندی کورد و عەرەب بەشداریی لە مەراسیمی کردنەوەی وەرزی نوێ دەکەن.

مەراسیمەکە لە کاتژمێر 06:30ی ئێوارە دەست پێ دەکات و دواتر لە کاتژمێر 08:00 دهۆک یەکەمین یاریی لە وەرزی نوێ لەبەردەم هاندەرانی دەکات.

لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق چوار یانەی هەرێمی کوردستان بەشداریی دەکەن کە بریتین لە یانەکانی (هەولێر، دهۆک، زاخۆ و نەورۆز).

 

Fly Erbil Advertisment