کە ریم سلێمان: دروست کردنی ئەم پرۆژەیە خزمەتێکی گەورەی ئێزیدییەکانی جیهان دەکات

بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی جووتسایدی شێخان- لالش، لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستی پێ کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئەیلولی 2024، کەریم سلێمان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی جووتسایدی شێخان- لالش، لە سنووری پارێزگای دهۆک، بەناوی میری ئێزیدییان گوتارێکی دا و تێیدا گوتی: گومانی تێدا نییە دروستکردنی ئەو جووتسایدە خزمەتێکی گەورەی خەڵکی شێخان و ناحیەی ئەتروش و دهۆک دەکات.
گوتیشی: دروستکردنی ئەو رێگەیە خزمەتێکی گەورەی ئێزیدییەکان دەکات، نەک تەنیا ئێزیدییەکانی کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان، دەشڵێت: لە 6ـی 10 تا 13ـی 10 جەژنی "جەما"ی ئێزیدیەکانە، زیارەتکارانی لالش لە ئەرمینیا و ڕووسیا و جۆرجیا و ئەڵمانیا و ئەورووپا و ئەمەریکا، هەروەها ئێزیدییەکانی تورکیا و سووریا کە دێنە سەردانی لالش دەکەن، کە دەبێتە نیشانەی ئەوەی حکوومەتی هەرێم چەند ڕێز لە پێکەوە ژیان دەگرێت.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی هەزار و 314 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە سێ تریلیۆن و 107 ملیار دینار لە سنووری پارێزگای دهۆک دراوە؛ بەشێکی زۆریان تەواو بوون و کارکردن لە ژمارەیەکیشیان بەردەوامە.
لەو ژمارە پرۆژەیە، هەزار و 249ـیان لەلایەن کەرتی گشتییەوە جێ بەجێ کراون و کابینەی نۆیەم گوژمەی زیاتر لە دوو تریلیۆن و 18 ملیار دیناری بۆیان خەرج کردووە. 65 پرۆژەی دیکەش، بە گوژمەی زیاتر لە یەک تریلیۆن و 89 ملیار دینار، لە لایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ کراون.