فارس یوحەننا: زیاتر لە 200 پرۆژە لە زاخۆ جێبەجێ کراون

فارس یوحەننا، جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ
فارس یوحەننا، جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ

K24 – هەولێر:

جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی پرۆژەکانەوە گۆڕانکاری زۆر لە زاخۆ ڕوویداوە، هەروەها حکوومەت زۆرترین دەرفەتی کاری بۆ هاووڵاتییانی زاخۆ ڕەخساندووە.

فارس یوحەننا، جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتێکی زۆری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کردووە و لە کابینەی نۆیەم زیاتر لە 200 پرۆژە لە زاخۆ جێبەجێ کراون.

جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی پرۆژەکانەوە گۆڕانکاری زۆر لە زاخۆ ڕوویداوە، هەروەها حکوومەت زۆرترین دەرفەتی کاری بۆ هاووڵاتییانی زاخۆ ڕەخساندووە، هەم لە کەرتی گشتی، هەم لە کەرتی تایبەت.

سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشا، لە زاخۆ کۆمەڵیک پرۆژە گەشتیاریی جێبەجێ کراون و کە بووەتە هۆی بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزاری ئیدارە سەربەخۆکە.

شەممە، 21ـی ئەیلوولی 2024، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی سیلڤانا بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە زاخۆ، بە ئامادە بوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ کابینەی نۆیەمدا گۆڕانێکی زۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست بوو، ئەویش بە بەردەوامی ئەو پرۆژانەی کە سەرۆکی حکوومەت بڕیاری لەسەرداون بۆ بووژاندنەوەی ژیانی خەڵکی، بەتایبەت لە ڕووی کارەبا، ئاو، ڕێگەوبان، پەروەردە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، هەروەها لەگەڵ هەموو ئەو پرۆژانەی کە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ کراون.

دەشڵێت: زاخۆ، بۆ ئێمە وەرچەرخانێک بوو کە بوو بە ئیدارە هەموو خەڵکی زاخۆ شایەتن کە چەند پشتیواینی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەو دەڤەرە و گرنگی بەو دەڤەرە چەند بووە، بەناوی خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زۆر سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکەین بۆ ئەو پشتیوانی و پاڵپشتییە.

ئاماژەی بەوەش دا، یەکێک لەو کەرتانەی کە سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستووەتە سەر کەرتی تایبەت بووە، بەتایبەتیش بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیی و گەشتوگوزار، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، خۆشبەختانە لە هەرسێ کەرتدا بوژاندنەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

Fly Erbil Advertisment