پرۆژەی کۆڕنیشی خورماڵ جێبەجێ دەکرێت

K24 – خورماڵ:
خورماڵ لە ماوەی ڕابردوودا بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کرایە قەزا، ئێستا حکوومەتی هەرێم دەیەوێت ئەو قەزایە زیاتر پێش بخات و چەند پڕۆژەیەکی تێدا جێبەجێ بکات.
دەستى ئاوەدانى کابینەى نۆیەم بەردەوامە بۆ هەموو شارێک، لەسەر ڕاسپاردەى سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانى شاندێکى سەرچاوەکانى ئاو سەرقاڵى دیزاینکردنى پرۆژەى کۆڕنیشن بۆ سەرچاوەى ئاوى گەنجان لە خوڕماڵ، پرۆژەکە سوودى ئاودێرىی و گەشتیارى هەیە.
کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەرى گشتىی سەرچاوەکانى ئاو، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی فەرمانی کرد خورماڵ لە ناحیەوە بکرێتە قەزا، لە چوارچێوەی ئەو بایەخەی بەڕێزیان بۆ بووژانەوە و پێشخستنی ناوچەکە، ڕاسپێردراین بۆ ئەوەی بێن کە چۆن سوود لە سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکە وەربگرین.
هەرچەندە ئێستاش ناوە ناوە گەشتیار دێنە سەرچاوەکە، بەڵام بێ خزمەتە پرۆژەکەش سوودى گەشتیارىی و ئاودێرى دەبێت.
ئەشرەف حەسەن، بەڕێوەبەرى ئاودێرى هەڵەبجە، بە کوردستان24ـی گوت: ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی فراوانە، هەم گەشتیارییە و هەم ئاودێرییە، شوێنەکەشی زۆر گونجاوە.