عەلی خامنەیی پێنج ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند

K24 – هەولێر:
بەهۆی کۆچی دوایی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی. ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێنج ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند.
شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهۆی کۆچی دوایی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای ئەو حزبە، پێنج ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرانسەری وڵات ڕاگەیاند.
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "موجاهیدی گەورە، هەڵگری بیروڕای خۆڕاگری لە ناوچەکە، ڕێبەری سیاسیی حەسەن نەسروڵڵا، شەوی ڕابردوو شەهید بوو."
عەلی خامنەیی، گوتی: نەسڕوڵڵا پاداشتی دەیان ساڵەی جیهانی لەپێناو خودا و سەختییەکان لە جیهادی پیرۆزدا وەرگرت، لەکاتێکدا سەرقاڵی پلاندانان بوو بۆ بەرگریکردن لە بێ ماڵوحاڵەکانی بەیرووت، هەر وەکو چۆن دەیان ساڵە پلان بۆ خەباتی بەرگریکردن لە خەڵکی فەڵەستینی ستەملێکراو دادەنێت.
ئێوارەی دوێنێ هەیینی، 27ـی ئەیلوولی 2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا کوژران.
هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.