سەرکردەیەکی حەماس و خانەوادەکەی لە لوبنان کوژران

ئەمڕۆ دووشەممە، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، سەرکردەیەکیان لە لوبنان بەناوی "فەتح شەریف ئەبو ئەمین" لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە باشووری لوبنان کوژران.
حەماس ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا ماڵی ئەبو ئەمینی لە کەمپی پەنابەرانی فەڵەستینی 'ئەلبەس' لە باشووری لوبنان بۆمباران کردووە، کە لە ئەنجامدا ژن و کوڕ و کچەکەی کوژراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئامانجێکی حزبوڵلایان لە بیقاع لە لوبنان بۆمباران کردووە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە "فڕۆکە شەڕکەرەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر دەیان شوێنی حزبوڵلای لوبنانی لە بیقاع"، ئاماژەی بەوەش دراوە، دەیان سەکۆی مووشەک و باڵەخانە و شوێنی کۆگاکردنی چەکیان بۆمباران کردووە.
مێدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە شارەکانی حەیفا و ڕامۆت نەفتالی لە باکووری ئیسرائیل لێ دراوە.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیل، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئامانجێکی گوماناوی لە سەر سنووری لوبنان کە بەرە و خاکی ئیسرائیل دەهات خستووەتە خوارەوە.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی، 27-09-2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا، بۆمباران کرد.
هەروەها ڕۆژی شەممە، 28-09-2024، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداریی گشتیی حزبوڵلای لوبنان و چەندین فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو حزبەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی هەینیدا، بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند.