سیستەمی یەک پەنجەرە لە کارەبای هەولێر کەوتە کار

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، سیستەمی یەک پەنجەرە لە فرۆشتنی وزەی یەکی کارەبای هەولێر کەوتە کار.
دووشەممە 30ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی کارەبا بڵاوی کردەوە، کەمال محەمەد ساڵح ،وەزیری کارەبا سەردانی بەشی فرۆشیاری یەکی وزەی کارەبای هەولێری کرد کە لە ڕێگەی سیستەمی یەک پەنجەرە و جێبەجێکردنی بەرنامەی پێوەری زیرەکەوە، مامەڵەی هاوبەشانی کارەبا بە شێوەیەکی خێرا و بێ ڕۆتین جێبەجێ دەکات.
لە بەسەرکردنەوەکەدا، وەزیری کارەبا پرۆژەکەی بە گرنگ وەسف کرد و دەستخۆشی لەو تیمە کرد کە ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتیان و هاوبەشانی کارەبا دابین دەکەن .
ئەو پرۆژەیە لە کاتێکدایە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و زوو ڕایی کردنی مامەڵەی هاووڵاتییان دەکات، هەرلەپێناو ئەو ئامانجەش چەندین ناحیە و قەزای نوێ لە هەرێمی کوردستان بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دروستکران.