بارسێلۆنا لەبەردەم یارییەكی مێژوویی دایە

بارسێلۆنا یاریی رابردووی خۆی لە لالیگا، کردووەتە قوربانی بۆ ئەم یارییەی چامپیۆنزلیگ، هەر ئەمەش وایکرد هانزی فلیک راهێنەری ئەڵمانی یانەکە، زۆربەی یاریزانەکانی بۆ یاریی رابردووی بەرامبەر ئۆساسونا پشوو پێ بدات.
بارسێلۆنا دوای دۆڕانە چاوەڕواننەکراوەکەی گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، ئەویش بەرامبەر یانەی مۆناکۆی فەڕەنسی لە دەرەوەی یاریگای خۆی، ئەمجارەیان سبەی شەو كاتژمێر 22:00 لە یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی یەنگ بۆیزی سویسڕی دەبێتەوە.
بلاوگرانا ئەم وەرزە لە کۆی هەشت یاریی لالیگا و یارییەکی چامپیۆنزلیگ، دوو یاریی دۆڕاندووە و پێشەنگی خولی نێوخۆیی گرتووە، بەڵام یانە سویسڕییەکە ئەم وەرزە لە دۆخێکی باش نیە و لە پلەی یازدەیەمی خولی سوپەری وڵاتەکەی دێت و دوایین یاریشی دۆڕاندووە.
هانزی فلیک یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، ئەگەر هاوشێوەی یاریی رابردوو بەرامبەر ئۆساسۆنا بن، ئەوان بێگومان تووشی کێشە دەبن، راهێنەرە ئەڵمانیەکە گووتیشی، ئەوان هاوشێوەی یانەکانی دیکە، کاریان لەسەر رکابەری ئەمجارەیان کردووە.
هانزی فلیک: شیكاریمان بۆ ئەم یارییە كردووە
هانزی فلیك راهێنەری بارسێلۆنا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی یەنگ بۆیز رایگەیاند شیكارییان بۆ تیپی بەرامبەر كردووە، دەشڵێت: راستە ئەوان ئەم وەرزە ئەنجامەکانی یەنگ بۆیز وەکو پێویست نەبووە، بەڵام ئەگەر سەیری پێکهاتەکەیان بکەین، خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی گەنج و بە توانان.
فلیك دەشڵێت: ئەگەر بمانەوێت بەرامبەر ئەو یانانەی، پشت بە هێرشی هەڵگەڕاوە دەبەستن، تووشی کێشە نەبین، دەبێت لە هێڵی بەرگری باشتر بین، ئەگەر هاوشێوەی یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا بین، بێگومان تووشی کێشە دەبین''.
یارییەكی مێژوویی
بارسێلۆنا و یەنگ بۆیز هەرگیز لە مێژووی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەکتری نەبوونەتەوە و ئەو یارییەیان دەبێتە یەکەم رووبەڕووبونەوەیان، هەروەها دوایین یاریی بارسێلۆنا لە پاڵەوانێتیەکە بەرامبەر یانەیەکی سویسڕی، وەرزی 2008 بۆ 2009 بوو، ئەو کات توانیان لە بازل ببەنەوە.
بارسێلۆنا لە 28 وەرزی رابردوو لە چامپیۆنزلیگ، تەنها یەک یاریی لە یاریگای خۆی لە پاڵەوانێتیەکە دۆڕاندووە، ئەویش ساڵی 2021 بەرامبەر بایرن میونشن بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام بوو.