بەریتانیا کار بۆ ڕێکخستنەوەی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە دەکات

ڕاوێژکارێکی سەربازیی کونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پەیامی دۆستانەی حکوومەتی بەریتانیا دەگەیەنێتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە، دووپاتیش لەوە دەکاتەوە کە پشتیوانی لە ڕێکخستنەوەی زیاتری هێزی پێشمەرگە دەکات.
دووشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2024، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ کۆڵۆنێڵ جون فۆستر، ڕاوێژکاری سەربازیی کونسوڵخانەی بەریتانیا لەهەولێر و تیمێکی یاوەری کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە برەودانی زیاتر بە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە نێویاندا بەریتانیا کرایەوە، لەگەڵ پرسی مەشق و ڕاهێنانەکان و پڕۆسەی ریفۆرم و کردنەوەی خولە جیاوازەکان بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی زیاتری هێزەکان و بە پرۆفیشناڵکردنی هێزی پێشمەرگە.
هەردوولا کۆکبوون لەسەر هەماهەنگی و گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوانیان و شاندی سەربازیی بەریتانیا دووپاتیانکردەوە بەردەوام دەبن لەهەماهەنگی کردن و کردنەوەی خول و پێدانی ڕاوێژ بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک نیشاندانی پەیامی دۆستانەی حکوومەتی بەریتانیا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.