ڤینیسیۆس جونیۆر دەبێتە شوێنگرەوەی نێیمار

ڤینیسیۆس جونیۆر ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی بووەتە ئامانجی یەکەمی یانەی هیلالی سعوودی و ئەو یانەیە پێشتر هاوینی رابردوو، سەرکەوتوو نەبوو لە رازیکردنی ئەو یاریزانە و یانەکە دەیەوێت، هاوینی ساڵی 2025 جارێکی دیکە هەوڵ بۆ ئامانجەکەی بداتەوە.
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بەرپرسانی یانەی سعوودیەکە هاوینی رابردوو، سەرکەوتوو نەبوون لە رازیکردنی ڤینیسیۆس جونیۆر بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات، دەستبەرداری ئەو یاریزانە نین و پرۆژەیەکیان ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی هاوینی ساڵی داهاتوو، جارێکی دیکە هەوڵ بۆ رازیکردنی ئەو یاریزانە بدەن.
خۆزێ فلیک دیاز رۆژنامەنوس لە رۆژنامەی مارکا ئەو هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەرپرسانی یانەی هیلال لەو بڕوایەدا، نێیمار داسیلڤای هاونیشتیمانی ڤینیسیۆس، بەهۆی ئەو پێکانە قورسەی بەرۆکی گرتووە، ناتوانێت بەرنامە و پلانەکانی یانەکەیان وەکو خۆی جێبەجێ بکات، بۆیە دەیانەوێت هێرشبەرەکەی مێرنگی، وەکو شوێنگرەوەی یاریزانەکەیان بگوازنەوە.
ئەو رۆژنامەنوسە ئیسپانیە بڵاویشی کردووەتەوە، یانە سعوودیەکە بە دوای بیانۆیەکدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی پێشکۆتایی هاتنی ئەم وەرزە، گرێبەستە نێیمار داسیلڤا هەڵوەشێننەوە، هەروەها دەشڵێت، بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدرید، بەهۆی مەرجی یەک ملیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس، ئاسوودەن و لەو بڕوایەدان یانە سعوودیەکە ئەستەمە ئەو ئۆفەرە خەیاڵیە پێشکەشیان بکات.