سابالێنکا هەنگاوێکی دیکەی بۆ سێیەم ناسناوی لەسەر یەک هاوێشت

ئارینا سابالێنکا خانمە تێنسزانی بیلارووسی، بۆ سێیەمجاری لەسەر یەک، گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی تێنسی ووهانی چین. هەروەها کۆتایی بە زنجیرە بردنەوەکانی کوکو گاوف خانمە تێنسزانی ئەمریکی، دوای نۆ بردنەوەی لەسەر یەک هێنا.
ئارینا سابالینکا خانمە تێنسزانی بیلارووسی و براوەی گراند سلامی ئەمریکا، لە قۆناغی پێشکۆتایی پاڵەوانێتی تێنسی ووهانی چین، رووبەڕووی کوکو گاوف خانمە تێنسزانی ئەمریکی و براوەی گراند سلامی 2023 بووە، لە کۆتاییدا توانی کۆتایی بە زنجیرە سەرکەوتنەکانی رکابەرە ئەمریکیەکەی بهێنێت و دوای نۆ بردنەوەی لەسەر یەک، تووشی یەکەم دۆڕانی بکات.
سابالینکا براوەی دوو ناسناوی رابردووی پاڵەوانێتی ووهانی چین، توانی بە ئەنجامی دوو سێت بەرامبەر سێتێک، کوکو گاوف تووشی دۆڕان بکات، ئەنجامی سێتەکانیش یەک شەش و شەش چوار و شەش چوار بوون. خانمە بیلارووسیەکە لەوەتەی یەکەم بەشداری کردنی لە 2016 لە پاڵەوانێتیەکەی چین، شازدەیەمین بردنەوەیە لەسەر یەک لەو پاڵەوانێتیە بەدەست دەهێنێت.