ئەمەریکا لە عێراقەوە هەوڵی چارەکردنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەدات

ئەمەریكا لە عێراقەوە ھەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ ھێوركردنەوەی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە عێراق ڕایگەیاندووە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق بە گرنگ دەزانێت.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش داوە، سەرەڕای جەختكردنەوەی بەردەوام لە پشتیوانییەكانی بۆ ئیسرائیل، ئەمەریکا بەمەبەستی شیکردنەوەی دۆخەکە بایەخ بە وەزیری دەرەوەی ئێران و لێدوانەکانی دەدات، لەوچوارچێوەیەشدا پێشتر پەیامێکی کورتی بە شاندی ئێرانی داوە، كە لەهەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەكە پرەنسیپی تایبەتی گرتووەتەبەر.
باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا بەر لە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق، دەستپێشخەری كرد، بۆ زانینی بۆچوونیان سەبارەت بە ململانێی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران و کاردانەوەکانی لەسەر ناوچەکە، ھەروەھا بۆ ئاماژەدان بە ڕادەی ئەو مەترسییەی کە دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا هەبێت، لەگەڵ لایەنەكانی شیعە، سوننە و كوردەكان كۆبووەوە.
روونیش كراوەتەوە، واشنتۆن بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا ھەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ دروستکردنی بزووتنەوەیەکی ڕانەگەیەندراو بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران، ئەمەش بەمەبەستی ڕێککەوتن لەسەر ڕێكاری ھاوبەش بۆ ڕێگرتن لە ھەر ئەگەرێك كە ناوچەكە بەرە و شەڕ و ململانێیەكی بەرفراوانتر ببات.