كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت زیان بە كەرتی خانووبەرە دەگەیەنن
لێكەوتەكانی كۆرۆنا بازاڕی خانووبەرەی لە ھەرێمی كوردستان سستكردووە
K24 - ھەولێر
لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر كەرتی خانووبەرە لە ھەرێمی كوردستان، بەگوێرەی ئاماری نووسینگەكانی خانووبەرە، لە ماوەی چارەگی یەكەمی ئەمساڵ خواستی كڕین و فرۆشتن بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیووە. بە كاریگەری بەردەوامی دۆخەكەش بازاڕەكە لاوازتر دەبێت.
بازاڕی كەرتی خانووبەرە لە ھەرێمی كوردستان، بە كاریگەری دابەزینی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی خواستی كڕین و فرۆشتن، بە خراپترین دۆخیدا تێدەپەڕێ، سەرەڕای ئەوەی نرخی زەوی و یەكەكانی نیشتەجێبوون دابەزینی تۆماركردووە، بەڵام خواست بۆ كڕین زۆر كەمە. یەكێك لە خاوەن نووسینگەكانی خانووبەرە دەڵێت "لە سەرەتای ئەمساڵەوە بازاڕی خانووبەرە لە ھەولێر لاوازی پێوە دیارە، بە گشتی لە چارەگی یەكەمی ئەمساڵدا خواستی كڕین فرۆشتن سست بووە".
بە كاریگەری لێكەوتەكانی كۆرۆنا، بازاڕ بە گشتی لاوازی پێوە دیارە و بازاڕی خانووبەرەش یەكێكە لەو كەرتانەی جووڵەی تیادا سستە، بەشێك لە شارەزایانی كەرتی خانووبەرە پێیانوایە، دۆخی بازاڕی خانووبەرە پەیوەستە بە سەقامیگیری بازاڕ و بەردەوامی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ھەروەھا ئاماژە بەوە دەكەن، لە چەند مانگی رابردووش بەھۆی سستی چالاكییە ئابوورییەكان كەرتی خانووبەرە بەرێژەی 15% تاوەكو 20% دابەزیووە.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەكانی خانووبەرە، لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا، ئاستی جووڵەی بازاڕ خانووبەرە چەقی بەستووە، لە كاتێكدا خستنەرووێكی یەكجار زۆر لە بازاڕەكاندا ھەیە، ئەمەش وایكردووە كڕین و فرۆشتن بگاتە كەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی ئەمساڵدا.