عێراق: ڤایرۆسی گەندەڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆشی گرتووەتەوە

گەندەڵی لەنێو دامودەزگا ئەمنییەكانی عێراق پەرەی سەندووە و لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە چاودێریی چڕ دەخاتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆ.
ڕاوێژکارێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێت: "لە سەردانە مەیدانییەكانی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەكە چەندین دۆسییەی گەندەڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆ ئاشكرا كراون."
مستەفا عەجیل، ڕاوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق گوتی: "لیژنەكەیان لەنێو دامودەزگا ئەمنییەكاندا بە سێ ئاراستە بەرەنگاری دۆسییەكانی گەندەڵی دەبێتەوە، لەوانە، چاودێریكردنی دۆسییەكان، ڕاپۆرتی ھاووڵاتیان و ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاكی."
هەروا گوتی: "زۆرێک لەو دۆسییانەی گومانی گەندەڵییان لەسەرە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كراون،" ڕوونیشی كردەوە "لە سەردانە مەیدانییەكانی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری چەندین دۆسییەی گەندەڵی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆ بەدی كراون."
ھاوكات وەعد قەدۆ، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان گوتی: "دامەزراوەی ئەمنی درکی بە مەترسی گەندەڵی لەنێو ئەندامانی كردووە و بۆئەو مەبەستەش دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ستراتیجییەکی هەمەلایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵكاران و ئەوانەی لەپێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی تایبەت بە سەپاندنی فشار و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیان سوود لە پێگەی خۆیان وەردەگرن."
لە دوای ساڵی 2003 گەندەڵی لە عێراق بووەتە باوترین دیاردە و سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بەتایبەت دامەزراوە ئەمنییەكانی گرتووەتەوە، ئێستاش گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و بەھۆیەوە تاوەكو ئێستا چەندین ئەفسەر دەركراون و دەستگیر كراون.