پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو گەیشتە هەولێر
پرۆژەکە 60% ئاو بۆ هەولێر دابین دەکات

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، رۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندن 60% ـی ئاوی هەولێر دابین دەکات و نزیکەی 20% پرۆژەکەش تەواو بووە.
چوارشەممە، 23ـی ئۆکتۆبەری 2024، ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر بەردەوامە و ئێستە کاری تێدا دەکرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "نزیکەی 20% پرۆژەکە تەواو بووە، ئێستە کاری لەحیمکردنی بۆڕی و تێکهەڵکێش کردنی بۆڕییەکان و خەزانەکانی بۆ دەکرێت".
دەشڵێت: "بەڕێوەبەرایەتییەکامەن سەرقاڵی دیزاینکردنی تۆرەکانی ناوخۆ و ڕێکخستنەوەیە بۆ کاتی گەیشتنی ئاو بە شاری هەولێرتاکوو بۆ ئەوکاتە ئامادەبێت".
گوتیشی: "پرۆژەکە لەسەر 120مەتری بە بۆڕی دەگەیەنرێتە شارۆچکەی عەنکاوە".
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەش دا، "پرۆژەکە 60% ـی ئاوی هەولێر دابین دەکات، بە چوار هێل دێتەخوارەوە، هێڵێکیان لە 150ـی نزیک سێبیرانەوە بەرەو شەقامی پیرمام دەڕوات، گردجووتیار، بەحرکە، پیرڕەش، عەنکاو، ئاتکۆنز، گوندی ئارام، ئیتالی دوو تا دەگاتە شەقامی کەسنەزان، هەردووبەرەکە دەگرێتەوە،چونکە ناوچەی پەرەپێدانە".
ڕابەر حوسێن ڕاشیگەیاند، "هێڵەکانی دیکە دەکەونە 120مەتری، هێڵی دووەم؛ بە ئاڕاستەی شەقامی کەسنەزان دەڕوات، لە سێبیران تا دەگاتە شەقامی بەحرکە، ئەوە بۆ کورانی عەنکاوە و عەنکاوەیە". هەروەها هێڵی سێیەم؛ "لە شەقامی 120یەوە بە پێچەوانەوە بەرەو شەقامی کۆیە دەڕوات، ئەو گەڕەکانەی کە دەکەونە سەر ئەو هێڵە، باغڵومنارە، ماردین، 32پارک، مامزاوە، دارەتوو، قەتەوی، بنەسلاوە، فەرمانبەران و بێرکۆتی نوێ، پێنج و هەشتی حەسارۆک، بەوەش دەگوترێ هێڵی شا دەمار".
گوتیشی: "هێڵی چوارەم؛ کە دێیتە ناو شەقامی 120مەتری وەک گەڕەکی نێرگز، ڕاستی، تا دەگاتە شەقامی کەرکووک هەموو ئەو هێڵە دەگرێتەوە".