بەهۆی سپیکردنەوەی پارە و زیادکردنی باج، بازاڕی کەرتی خانووبەرە لە عێراق پووکاوەتەوە

زۆر هۆ بوونەتە مایەی پووکانەوەی بازاڕی کەرتی خانووبەرە له عێراق، لەوانە؛ سەپاندنی سیاسەتی دراو، هەروەها سپیکردنەوەی پارە بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بازاڕی کەرتی خانووبەرەوە دەکرێت، بەم دواییانەش حکوومەتی عێراق بڕیارێکی دەرکرد کە تێچوونی ڕێژەی باجدانی بەتایبەت لە گواستنەوەی خاوەندارییەتی موڵک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە زیاد کردووە.
مامەڵەی بازاڕەکانی خانووبەرە لە عێراق ڕووبەڕووی پاشەکشێ و پووكانهوه بووەتەوە، هۆکارەکانیش زۆرن، لەنێویاندا بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی نرخەکان و دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتیان، لەبەغدا نرخی خانووبەرە بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە لە هەندێک شوێن نرخی یەک مەتر چوارگۆشە زەوی گەیشتووەتە زیاتر لە 1000 دۆلار.
داود عەبد زایر، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی نیشتمانیی عێراق ڕایدەگەیەنێت: "سەپاندنی سیاسەتی دراو بەسەر سەرچاوەکانی داراییدا چەقبەستوویی دروست کردووە، لەکاتێکدا سیاسەتەکە ناتوانێت هاوسەنگیی لەنێوان داهاتی سەرتاسەری و ئاستی نرخەکان لە عێراق دروست بکات، کە بووەتە هۆی زیادبوونی چالاکی نایاسایی و گەندەڵی، بەبۆچوونی ئەو هۆیەکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکان و زیادبوونی خواستی سەرمایەدارانە لەسەر کەرتی خانووبەرە."
کەریم حەلو، پسپۆڕی بواری ئابووریش دەڵێت: "بارودۆخی سەربازی و ناوچەکە و نەبوونی سەقامگیریی سیاسی و سەربازیی لە عێراق، لێکەوتەی خراپیان لەسەر بازاڕی کەرتی خانووبەرە دروست کردووە، زۆرێک لە خوازیارانی کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون پاشەکشێیان لە مامەڵەکان کردووە."
ئاماژە بەوەش دەکات "ئەگەرچی حکوومەت پلانی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێ بوونی بۆ کەمدەرامەتەکان هەبوو، بەڵام پرۆسەکە لەلایەن چەند کەسێکەوە کۆنترۆڵ کراوە و سپیکردنەوەی پارەی پێ دەکرێت."