لە حەویجە گۆڕێكی بە كۆمەڵ هەڵدەدرێتەوە

دەسەڵاتدارانی خۆجێیی كەركووك، كار لەسەر ھەڵدانەوەی گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە قەزای حەویجە دەكەن كە پێشبینی دەکرێت تەرمی سەدان کەس لە ئەندامانی سوپا و پۆلیسی عێراقی تێدا بێت، کە لە ساڵی 2014ەوە لەگەڵ ھێرشەكانی داعش بزر بوونە.
دەسەڵاتدارانی خۆجێی ناوچەكە دەستیان کردووە بە ھەڵدانەوەی گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە گوندی بیكارە، کە بەگوێرەی زانیارییەكان گۆڕەكە پێشتر دۆزراوەتەوە، بەڵام ئێستا هەڵدەدرێتەوە. هێشتا نازانرێت گۆڕستانەكە چەند قوربانی تێدایە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ھەڵدانەوەی ناسنامەی دەیان یان سەدان کەسی ونبوو ئاشکرا دەکات کە خێزانەکانیان ساڵانێکە چاوەڕێی سەرەداوێكن لە چارەنووسیان.
تاوەكوو ئێستا شەش گۆڕی بەكۆمەڵ لەقەزای حەویجە دۆزراونەتەوە، یەكێك لەو گۆڕانە كە 50 تەرمی تێدابوو سەرجەمیان ئەندامانی سوپا و پۆلیسی عێراقی بوون و لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كوژرابوون.
عێراق، كە بە وڵاتی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ناسراوە، تاوەكوو ئێستا زیاتر لە 200 گۆڕی بە كۆمەڵ كە بەشێكیان گۆڕی بەکۆمەڵی هاونیشتمانییانی کوردن، دیاریی كراون و ھەڵنەدراونەتەوە، ئەو گۆڕانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمى دەسەڵاتى پێشووى عێراق و ڕێکخراوى داعش، پێشبینی دەکرێت ڕوفاتى نزیکەى 4 هەزار کەسیان تێدا بێت.
هەڵدانەوەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان ئەرکى دەزگاى شەهیدانى عێراقە، پاساوى ئەو دەزگایە بۆ هەڵنەدانەوەى ئەو گۆڕانە ئەوەیە پارەى پێویستى نییە بۆ ئەو کارە، بۆیە لە ڕێگەى لیژنەى شەهیدانى پەرلەمانەوە نووسراو ئاراستەى سەرۆک وەزیرانى عێراق کراوە بۆ ئەوەى پارەى پێویست بۆ ئەو پرۆسەیە تەرخان بکرێت.
قەزای حەویجە ماوەی سێ ساڵ لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی داعشدا بوو، تاوەكو ئێستا چەندین گۆڕی بە كۆمەڵی تیادا دۆزراونەتەوە.